رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی تورکیا دەڵێ، رۆژی هەینی 7ی ئابی 2026 لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل ریکۆردی رۆژانەی تێپەڕینی بارهەڵگرەکان شکێندراوە، بە تێپەڕینی 2,454 بارهەڵگر لە تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا لە نووسینێکدا لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پێشهاتە نیشانەی گەشەسەندنی بەرچاو و بەهێزبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی کەنداو، هاوکات نیشاندەری توانای لۆجیستیی تورکیایە وەک ناوەندێکی بازرگانیی ناوچەیی.
بۆڵات جەختی لەسەر گرنگیی ستراتیجیی دەروازەی سنووری خابوور-ئیبراهیم خەلیل کردەوە بۆ گەیاندنی کاڵای باکووری کوردستان و تورکیا بۆ بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
دەروازەی سنووریی خابوور-ئیبراهیم خەلیل گرنگترین دەروازەی ئابووری و بازرگانیی نێوان تورکیایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق و یەکێكە لە گرنگترین دەروازەی سنوورییەکانی تورکیاش بۆ کرانەوەی بەرووی بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە تەممووزی 2026دا تورکیا بە مەبەستی کارئاسانی گومرگی، ژمارەی وێستگە گومرگییەکانی دەروازەی سنووری خابووری لە 24 وێستگەوە بۆ 32 وێستگە زیادکرد.
لە 6 مانگی سەرەتای ساڵی 2026دا قەبارەی بازرگانیی ترانزێت لەو دەروازەیەدا گەیشتە 32 ملیار و 267 ملیۆن دۆلار. تورکیا نزیکەی 5 ملیار دۆلار هەناردەکردنی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە.
ئەو دەروازە سنوورییە لەدیوی هەرێمی کوردستانەوە پێی دەگوترێ ئیبراهیم خەلیل و لەدیوی باکووری کوردستان و تورکیاوە پێی دەگوترێ خابوور.



