رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی تورکیا، دوای بڵاوکردنەوەی وێنەیەک بۆ پاڵپشتی لە پڕۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کە ئاڵای کوردستانی تێدا بوو، رووبەڕووی شەپۆلێک رەخنە بووەوە و دواتر پۆستەکەی سڕییەوە.
ئەحمەد ئایدن، یاریدەدەری وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بۆ پاڵپشتی لە "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی"، وێنەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا ئاڵای کوردستان و تورکیای تێدابوو. ئەم بڵاوکراوەیەی ئایدن شەپۆڵێک رەخنەی تووندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا بە دوای خۆیدا هێنا.
ئەم رووداوە دوای ئەوە هات "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کە مەبەست لێی رەخساندنی زەوینەی یاساییە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی چەکیان داناوە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، لە کۆمیسیۆنی دادوەریی پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا.
پاش دروستبوونی کاردانەوەکان، یاریدەدەری وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی تورکیا، ناچار بوو بە خێرایی پۆستەکە لە پەڕەی فەرمیی خۆی بسڕێتەوە.
بڕیارە رۆژی دووشەممە لە پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاساکە بکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە.

پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە گرنگترین رێکارە یاساییەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ رێکخستنەوەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی وڵات دوای پرۆسەی چارەسەری و دەستپێشخەرییەکانی کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکانی چەند ساڵەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا.



