رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی نوێ (یەنی پارتی) رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی تێبینیی زۆریان لەسەر "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" هەیە، بەڵام بڕیاریداوە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا دەنگی پێ بدەن.
نورحەیات ئاڵتاجا کایشئۆغڵو، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی نوێ (یەنی پارتی) لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی تورکی رایگەیاند، پارتەکەیان لە کاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای چارەسەری لە پەرلەمان، بە "بەڵێ" دەنگ دەدەن.
ئەم پڕۆژەیاسایە کە بە ناوی "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" بەواژۆی فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا و دواتر جەهەپە، هوداپار و رێگەی نوێ پشتیوانی بوون و ئەوانیش واژۆیان کرد، رەوانەی لیژنەی دادی پەرلەمان کرا. لەوێش دوای زیاتر لە 18 کاژێر، پەسند کرا.
پارتی نوێ رەخنەی لە چەند مادەیەکی پڕۆژەیاساکە هەبووە و لەسەر ئەو بنەمایە واژۆی لەسەر رەشنووسەکە نەکرد، بەڵام لە لیژنەی داد واژۆیان کرد بۆ پەسندکردنی بەو مەرجەی رەخنەکانیان لەبەرچاو بگیرێت. لە بەرامبەردا فراکسیۆنی ئیی پارتی تاکە فراکسیۆن بوو دژایەتیی پڕۆژەیاساکەی کرد.
کایشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد، ئەندامانی پارتەکەیان لەناو لیژنەی دادیشدا بە بەڵێ دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە داوە و گوتی: "لە راپۆرتەکەشماندا ئاماژەمان بەوە کردووە کە دەبێت ئەم یاسایە دەربچێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە پرۆسەی دیموکراسیبوونیش جێبەجێ بکرێت. ئێمە لەسەر ئەم خەباتەمان بەردەوام دەبین."
یاریدەدەری سەرۆکی یەنی پارتی مەرجەکانی پارتەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەکە خستەڕوو و رایگەیاند: "ئێمە دەڵێین با چەکەکان دابنرێن، بەڵام لە هەمان کاتدا با پرسی قەییومەکان چارەسەر بکرێت، بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووری جێبەجێ بکرێن. هەروەها هەنگاوی دیموکراسیی بنرێت. دەمانەوێت بە یەکجاری کۆتایی بەم نادادپەروەرییە بهێنین."
بڕیارە سبەی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، پڕۆژەیاساکە بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیاوە بۆ ئەوەی پەسند بکرێت.


