رووداو دیجیتاڵ
لە پێنجەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی حەوت ئەندامی بنەماڵەی دەدەئۆغوڵڵەری لە شاری کۆنیای تورکیا، رێوڕەسمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو. بنەماڵەی قوربانییەکان و بەشداربووانی مەراسیمەکە جەختیان لەوە کردەوە سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ، هێشتا دادپەروەری جێبەجێ نەکراوە.
رۆژی 30ی تەممووزی 2026، لە پێنجەمین ساڵیادی ئەو هێرشە رەگەزپەرستانەیەی ساڵی 2021 کرایە سەر بنەماڵەیەکی کورد لە کۆنیا، چالاکوانان و کەسوکاری قوربانییەکان لە گۆڕستانی ساراجئۆغڵو و لەبەردەم ئەو ماڵەی کۆمەڵکوژییەکەی تێدا روویدا، کۆبوونەوە.
تەنیا یەک کەس گیراوە
چەتین دەدەئۆغوڵڵەری، تاقە رزگاربووی کۆمەڵکوژییەکە لە هێرشەکەدا حەوت ئەندامی بنەماڵەکەی لەدەستدا، لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند: "هەموو ساڵێک لە 30ی تەممووزدا لێرە کۆدەبینەوە. ئێستا پرۆسەی دادگاییکردن لە دادگای باڵا بەردەوامە، بەڵام جێگەی داخە تەنیا یەک کەس دەستگیر کراوە و 10تۆمەتباری دیکەی پەیوەندیدار بە دۆسیەکە ئازاد کراون."
ئازاری هاوبەشی بنەماڵەی دەدەئۆغوڵڵەری و باوکی رۆژین
نیزامەدین کابایش، باوکی رۆژین کابایش "کچەکەی بە شێوەیەکی گوماناوی لە وان گیانی لەدەستدا"، یەکێک بوو لە بەشداربووانی مەراسیمەکە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد ئازارەکان مرۆڤەکان لە یەکدی نزیک دەکەنەوە و گوتی: "ئەوانەی ئازار دەچێژن باشتر لە یەکدی تێدەگەن. رۆژینیشیان کۆمەڵکوژ کرد، ئێمەش ئازارێکی گەورە دەچێژین، بۆیە هاتووم هاوبەشی خەمی بنەماڵەی دەدەئۆغوڵڵەری بم."
رەخنە لە بڕیارەکانی دادگا دەگیرێت
عەلی بۆزان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەمپارتی" لە مەراسیمەکەدا ئامادە بوو، رەخنەی توندی لە پرۆسەی دادگاییکردنەکە گرت و رایگەیاند: "بکوژ تەنیا نییە و کەسانێک هەن پشتیوانییان لێکردووە. لە سەرەتای دۆسیەکەوە تاوەکو ئێستا دادگا تەنیا یەک کەسی وەکو تۆمەتبار نیشان داوە و داواکارییەکانی بنەماڵەی قوربانییەکانی قبووڵ نەکردووە."
کۆمەڵکوژییەکە چۆن روویدا؟
بنەماڵەی دەدەئۆغوڵڵەری کوردی خەڵکی پارێزگای قەرس بوون و ساڵانێکی زۆر بوو لە کۆنیا نیشتەجێ بوون، لە 30ی تەممووزی 2021 لە حەوشەی ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن کەسێکی رەگەزپەرست بەناوی "محەممەد ئاڵتوون" هێرشی چەکدارییان کرایە سەر.
لەو هێرشەدا حەوت ئەندامی بنەماڵەکە بە ناوەکانی (یاشار، ئیپەک، سیبێل، سەراب، سەرپیل، مەتین و بارش دەدەئۆغڵو) کوژران. پێش رووداوە خوێناوییەکە، ئەو بنەماڵەیە چەندین جار رووبەڕووی هەڕەشە و هێرشی گرووپە رەگەزپەرستەکان ببوونەوە و داوای پاراستنیان کردبوو، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری پێویستیان نەگرتەبەر.


