رووداو دیجیتاڵ
داواکاریی هاونیشتمانییەک لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاوە وەڵامی درایەوە کە لە رێی سیستمی (جیمەر)ەوە داوایکردبوو کۆمێنتاری کوردی بۆ یارییەکانی ئامەدسپۆر لە خولی نایاب زیادبکرێت.
کەناڵەکانی بین سپۆرت و دیجی تورک ئەمساڵ یارییەکانی خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ) پەخش دەکەن. لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا کۆمێنتاری یارییەکانی ئەو خولە تەنیا بە زمانی تورکی بوون، ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی ئامەدسپۆر سەرکەوتووە بۆ خولەکە، هاندەران داوا لە حکومەت دەکەن زمانی کوردیش زیاد بکرێت.
جانەر ئاسڵان کە هاندەرێکی یانەی ئامەدسپۆرە، لە رێی جیمەرەوە داواکارییەکی پێشکەشکرد بۆ ئەوەی یارییەکانی خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ) بە کۆمێنتاری تورکی و کوردی بگوازرێتەوە.
ئاسڵان داوایکردووە لە سیستمەکانی بین سپۆرت و دیجی تورک لە پاڵ زمانی تورکی، کۆمێنتاری زمانی کوردیش هەبێت و بینەران سەرپشک بن لەوەی کامیان هەڵدەبژێرن.
سەرۆکایەتیی کۆمار وەڵامی دایەوە
لەو وەڵامەی لەلایەن جیمەرەوە دراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە داواکارییەکە بۆ هەڵسەنگاندن رەوانەی دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
لەو وەڵامەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە داواکارییەکە لەلایەن دەسەڵاتی پەیوەندیدارەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە وەڵامی ئاسڵان دەڵێت، "بۆ جەماوەری بەڕێزی ئامەدسپۆر و رای گشتی، داواکاریی ئەوەی کە لە رێی جیمەرەوە بە مەبەستی دابینکردنی بژاردەی دەنگ/کۆمێنتاری کوردی لە یارییەکانی ئامەدسپۆر ئاراستەمان کراوە، گەیشت. دامەزراوەی تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان دەڵێت، پێویستە بابەتەکە لە چوارچێوەی ئەو خزمەتگوزارییەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کە بەکارهێنەر لە دەزگای پەخشەوە وەریدەگرێت. داواکاریی فەرمیمان ئاراستەی دیجی تورک و کۆمەڵەی میدیایی بین و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد. دابینکردنی گشتگیری لە پەخشکردن و داواکردنی ئەوەی هاندەرانمان بتوانن بە زمانی دایکی خۆیان سەیری یارییەکان بکەن، سروشتیترین مافە. بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی ئەم پرۆسەیە."
داواکاریی کۆمێنتاری کوردی لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی ئامەدسپۆرەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتگیری لێکرا.
ئامەدسپۆر
یانەی ئامەدسپۆر، ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز و سپییە و سەرەتا لەژێر ناوی مەلیک ئەحمەد توران سپۆر بەشداری لە خولە میللییەکانی ئامەد دەکرد.
ساڵی 1990 لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
رۆژی 28ـی 10ـی 2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
وەرزی 2023-2024 بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە سێیەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە دووەکان.
وەرزی 2024-2025 بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکان.
وەرزی ئەمساڵیش بووە دووەمی یانە پلە یەکەکانی تورکیا و گەیشتە خولی نایابی تورکیا.



