رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی بازاڕی جیهانیی وزە کردەوە و رایگەیاند، هاوبەشیی وزەی نێوان تورکیا و رووسیا، سوودی بۆ دڵنیایی دابینکردنی وزە هەبووە. دەشڵێت، تورکیا ئامانجیەتی تاوەکو ساڵی 2050، توانای بەرهەمهێنانی کارەبای ناوەکییەکەی بگەیێنێتە لانیکەم 20 گێگاوات.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لەکاتی بەشداریکردنی لە دانیشتنی سەرەکیی "هەفتەی وزەی رووسیا" لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا رایگەیاند، بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی بازاڕەکانی وزەی جیهان بوونەتەوە، پێویستی بە هاوئاهەنگییەکی بەرفراوانتر لەنێوان وڵاتاندا هەیە و ئاماژەی بە سوودەکانی هاوئاهەنگیی نێوان تورکیا و رووسیا لە بواری وزەدا کرد.
بایراکتار باسی لەوەش کرد، بازاڕەکانی وزە لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر قەیران و شۆک بوونەتەوە و گوتی، "بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی بازاڕەکانی وزەمان بوونەتەوە، هاوئاهەنگیی بەرفراوانتر زۆر گرنگە. تورکیا و رووسیا نموونەیەکی زۆر باشن بۆ ئەوەی کە ئەم هاوئاهەنگییە چۆن دەتوانێت سوود بە هەردوو وڵات بگەیێنێت."
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا، وڵاتەکەی بەهۆی گەشەسەندنی بازاڕی وزەکەیەوە، دڵنیایی خواست بۆ رووسیا دابین دەکات، "تورکیا بازاڕێکی گەشەسەندوو پێشکێش بە رووسیا دەکات. لە هەمان کاتدا، رووسیاش رۆڵێکی گرنگ لە دڵنیایی دابینکردنی وزەی تورکیادا دەگێڕێت."
بایراکتار باسی لەوە کرد، تورکیا وەبەرهێنانی گرنگی لە ژێرخانی وزەدا کردووە و رایگەیاند، لەگەڵ رووسیا پڕۆژەی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە کە دیارترینیان هێڵی گواستنەوەی گازی سروشتیی تورک ستریمە.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، ئاماژەی بە گرنگیی هێڵی تورک ستریم بۆ دڵنیایی دابینکردنی وزەی تورکیا کرد و گوتی، "ئایا دەتوانن خەیاڵی ئەوە بکەن کە ئەمڕۆ تورک ستریم نەبووایە؟ پێشتر گازمان لە رێگەی وڵاتانی ترانزیتەوە وەردەگرت، بەڵام ئەمڕۆ دەتوانین راستەوخۆ لە رێگەی دەریای رەشەوە گاز لە رووسیاوە هاوردە بکەین."
ئەوەشی خستەڕوو کە وزەی ناوەکیی یەکێک دەبێت لە توخمە بنەڕەتییەکانی وزەی تورکیا لە داهاتوودا و گوتی، "بۆیە ئامانجمان ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2050، لانیکەم بگەینە توانای بەرهەمهێنانی 20 گێگاوات کارەبا لە وزەی ناوەکی."
وەزیری وزەی تورکیا باسی لەوە کرد کە لەگەڵ کۆمپانیای رۆساتۆمی رووسی، کارکردن لە دروستکردنی چوار کورەی ئەتۆمی لە وێستگەی ئاککویو-ی ئەتۆمی بەردەوامە و گوتی، "هیوادارم لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا بتوانین دەست بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە یەکەی یەکەممان بکەین."
ئاماژەی بەوەشدا کە پڕۆژەی دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمییان لە سینۆپ و تراکیا هەیە و رایگەیاند، تورکیا پێویستی بە لانیکەم 12 کورەی ناوەکیی گەورەی ئاسایی هەیە.



