رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەیەکی تورکیا دەڵێ، ئەشکەوتەکانی سەر رێگەی قەندیل چۆڵ دەکرێن و ئەگەر پەکەکە و هێزە نزیکەکانی شنگال چۆڵ بکەن، تورکیاش بنکەی باشیک چۆڵ دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرجەم ناوەندە لۆجستییەکان و بنکەکانی ناوچەی گارە و خواکوڕک بە چاودێریی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و بە هاوئاهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان قۆناخ بە قۆناخ چۆڵ دەکرێن.
رۆژنامەی (تورکیا) بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 17-10-2026 بابەتێکی لەبارەی قۆناخی داهاتووی پرۆسەی چارەسەری و شێوازی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکردەوە.
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تەواوی ئەشکەوتەکانی سەر رێگەی قەندیل لە هەرێمی کوردستان قۆناخ بە قۆناخ چۆڵ دەکرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پرۆسەکە تاکو کانوونی دووەمی 2027 تەواو دەبێت.
هەروەها دەڵێ، لەو ناوچانەی گەریلا هەن، سەرەتا لە ناوەندە لۆجستییەکاندا "تۆماری تاوانناسی" بۆ چەکەکان دەکرێ. لە هەمان کاتدا مادە تەقێنەرەوەکان، درۆنەکان، پەڕەشووت، بێتەل و کەرەستەکانی دیکەش لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)ـەوە تۆمار دەکرێن و دواتریش لەنێودەبرێن. دوای لەناوبردنی چەکەکان، تەنانەت ئەو ئەشکەوتانەش کە نەخۆشخانەیان تێدایە، دەتەقێندرێنەوە و بە تەواوی لەکاردەخرێن. سەرجەم ناوەندە لۆجستییەکانی ناوچەی گارە و خواکوڕکیش بە چاودێریی میت و بە هاوئاهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان قۆناخ بە قۆناخ چۆڵ دەکرێن.
دوایین خاڵ قەندیلە
بەگوێرەی رۆژنامەی (تورکیا)، لەبەر ئەوەی نایانەوێ هێزەکانی پەکەکە بە پەرتەوازەیی بمێننەوە، قەندیل وەک دوایین خاڵ دیاریکراوە؛ هەربۆیە دوای تەقاندنەوەی ئەشکەوتەکان، گەریلا بەرەو قەندیل دەکشێتەوە. تەواوی ئەم پرۆسەیەش بە چاودێریی میت بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان بۆ رۆژنامەکە، گەڕانەوەی گەریلاکان بۆ تورکیا لە رێی قەندیلەوە دەبێت و رایانگەیاندووە، گەریلاکان "لەوێ کۆدەبنەوە و ناوەکانیان تۆمار دەکرێ. دواتر لە قەندیلەوە گواستنەوە دەستپێدەکات. ئەوەش دیاری دەکرێ کە چەند کەس دەبن و پرۆسەکە چۆن دەبێت".
دوای بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی چەکدانان، بژاردەی ناردنی ئەو سەرکردانەی پەکەکە بۆ وڵاتانی سێیەم بەهێز دەبێت کە یاسای سزانەدان نایانگرێتەوە.
رۆژنامەی (تورکیا) بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی عێراق نایەوێ گەریلا و کادیرانی پەکەکە لە خاکەکەی بمێننەوە، لەبەرئەوەی ناتوانن بچنە تورکیا و قەندیلیش بە تەواوی چۆڵ دەکرێ، پێشنیازی ئەوە هاتووەتە پێشەوە کە سەرکردەکانی پەکەکە بە چاودێریی تورکیا بڕۆنە وڵاتی دیکە.
لەوانەیە لە شنگالەوە دەستپێبکات
چۆڵکردنی شنگال لە هێزەکانی نزیک لە پەکەکە لەژێر چاودێریی حکومەتی عێراقدا جێبەجێ دەکرێ.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە: "ئەوانەی لێرەن، ئەگەر بیانەوێ دەچنە تورکیا و ئەگەریش نەیانەوێ لە عێراق دەمێننەوە. ئەگەر (پەکەکە) ئێرە چۆڵ بکات، تورکیا بنکەی باشیک چۆڵ دەکات و زەوینەسازی بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییانی سڤیلیش بۆ تورکیا دەکرێ. لەوانەیە یەکەم گرووپیش کە دەگەڕێنەوە تورکیا، لە شنگالەوە بێت".
هیچ ئەرکێکی فەرمی بە ئۆجەلان نادرێ
رۆژنامەی (تورکیا) سەبارەت بەو مشتومڕەی دەڵێ، ئایا عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەم پرۆسەیەدا پێگەیەکی فەرمی دەبێت یان نا، نووسیویەتی:" سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن کە ئەو هیچ ئەرکێکی فەرمیی نابێت. بابەتی وەک سەرۆکایەتیکردنی دەستەی چەکدانان و ئاشتی لە ئارادا نییە. ئێستا ئۆجەلان لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەدا رۆڵ دەگێڕێ، ئەمەش شتێکی ئاساییە. هەروەها هەبوونی ڤێلا لە ئیمراڵی دوورە لە راستییەوە، بەڵکو شوێنێکی دوو ژوورییە و و لەوێ دەمێنێتەوە".
پرۆسەی چارەسەری کە رۆژی 1-10-2024 بە تەوقەیەکی دەولەت باخچەلی لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی لە پەرلەمان دەستیپێکرد و دواتریش بە پشتیوانیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بانگەوازی چەکدانانی پەکەکە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان درێژەی پێدرا، ئێستا گەیشتووەتە قۆناخی پلانداڕێژی بۆ چەکدانانی کردەیی.



