رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە شاری بورسای تورکیا رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی کاتی دواخستنی نییە و حکومەت دەبێت لەژێر گوشاردا ناچار بکرێت هەنگاوی کرداری بنێت. راشیگەیاند، هەنگاوەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوێرانە بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، رێکخستنی دەم پارتی لە شاری بورسا پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبرد، تونجەر باکرهانیش لەوێ گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئێمە سێیەمین پارتی گەورەی پەرلەمانی تورکیاین و تورکیایەک بونیاد دەنێین کە تێیدا کورد، تورک، چەرکەز، عەلەوی و ژنان بە ئازادی و یەکسانی تێیدا بژین."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد پرۆسەی ئاشتی لە دوو قۆناخی سەرەکی پێکدێت: "ئەگەر بتوانین قۆناخی یەکەم بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنین، لە قۆناخی دووەمدا پێکەوە هەنگاوە دیموکراتییەکان تاوتوێ دەکەین، کە بریتین لە دانپێدانان بە زمانی کوردی، مافی یەکسانیی هاووڵاتیبوونی عەلەوییەکان، دادپەروەریی ئابووری بۆ کرێکاران و نەهێشتنی بێهیوایی گەنجان."
باکرهان رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت کە لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکاندا سستە و گوتی: "ئاشتی پرسێک نییە دواخستن هەڵبگرێت. لە هەر ساتێکدا کە ئاشتی ناکەین، گەنجانی تورک و کورد گیانیان لەدەست دەدەن. بۆیە پێویستە پێکەوە گوشارێکی دیموکراتی دروست بکەین بۆ ئەوەی دەسەڵات ناچار بە هەنگاونان بکەین؛ ئەگینا بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت بەردەوام دەبێت."
سەبارەت بە هەنگاوە نەخشەبووەکانی پرۆسەکە، باکرهان پرسیاری ئاراستەی حکومەت کرد و گوتی: "بەڕێز ئۆجەلان ئەو هەموو هەنگاوە بوێرانەی ناوە، حکومەت چاوەڕێی چی دەکات؟ بۆ لابردنی قەییومەکان، ئازادکردنی گیراوانی سیاسی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووری چاوەڕێی چی دەکات؟ بۆ هەنگاونان چاوەڕێ مەکەن، لە زیندانەکانەوە دەست پێبکەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باکرهان باسی لە کاریگەریی ئاشتیی ناوخۆی تورکیا کرد لەسەر ناوچەکە و گوتی: "لە دیدارێکدا لە هەرێمی کوردستان بینیمان کە هەمووان گرنگی بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەدەن، چونکە ئەم ئاشتییە رەوشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش باشتر دەکات. ئەو ئاشتییە شەرەفمەندانەیەی ئێمە دایدەمەزرێنین، دەتوانێت ئاشتی و خەباتی گەلان لە ناوچەکەش بەهێزتر بکات."



