رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە، پێشوازی لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکانی نێوانیان کرد.
هاوکات نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاویکردەوە کە فایەق زێدان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارەکانی دادوەری و یاساییدا کردەوە.
لە درێژەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقدا هاتووە کە هەردوولا باسیان لە داڕشتنی میکانیزمێکی نوێ کردووە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوە دادوەرییەکانی هەردوو وڵات، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و هاوئاهەنگیی زیاتر لە دۆسیە یاساییە هاوبەشەکان بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و تورکیا بکات.



