رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلی دەستلەکارکێشانەوە لەنێو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەردەوامە؛ ژمارەیەک بەرپرسی شارەوانییەکانی ئەدیرنە، بوردور و ئوشاک دەستیان لەو پارتە کێشایەوە.
فیلیز گەنچان، سەرۆکی شارەوانیی ئەدیرنە و عەلی ئۆرکون ئەرجەنگیز، سەرۆکی شارەوانیی بوردور لەگەڵ سەرۆکی سێ شارۆچکە، خەدیجە تەرەکجی ئۆزکان، جێگری سەرۆکی شارەوانیی ئوشاک و ئەندامانی جەهەپە لە ئەنجوومەنی شارەوانی، دەستلەکارکێشانەوەیان لە جەهەپە راگەیاند.
فیلیز گەنچان، سەرۆکی شارەوانیی ئەدیرنە رایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پێشووی رێکخستنەکانی پارێزگاکە و پەرلەمانتاران لە جەهەپە دەستی کێشاوەتەوە و پەیوەندیی بە پارتی نوێ کردووە کە ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکایەتیی دەکات.
گەنچان رایگەیاند، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی ئاسان نەبووە، بەڵام ئەو رێگەیەی هەڵبژاردووە کە پێیوایە بۆ داهاتووی تورکیا راستە. دواتر لەگەڵ شاندێکی یاوەری بەپێ بەرەو بارەگای لقی پارتی نوێ بەڕێکەوت.
عەلی ئۆرکون ئەرجەنگیز، سەرۆکی شارەوانیی بوردور، هولیا گوموش، سەرۆکی شارەوانیی بوجاک، ئۆکان کورد، سەرۆکی شارەوانیی یەشیلئۆڤا و عەلی ئۆکان یوجەل، سەرۆکی شارەوانیی چاڤدر دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە جەهەپە راگەیاند.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی سەرۆکانی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەندا هاتووە، لەژێر سایەی پێکهاتە سیاسییەکەی ئێستا، دەرفەتی سیاسەتکردن بەگوێرەی ئەو بنەمایانەی باوەڕیان پێیەتی، نەماوە.
ئەرجەنگیز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو ئاراستە سیاسییە نوێیە نیشاندا کە ئۆزگور ئۆزەل دەستیپێکردووە و گوتی، "پێ دەنێینە سەر رێگەیەکی نوێ." هاوکات ئەو چوار سەرۆک شارەوانییە پەیوەندییان بە پارتەکەی ئۆزگور ئۆزەلەوە کرد.
خەدیجە تەرەکجی ئۆزکان، جێگری سەرۆکی شارەوانیی ئوشاک و ئەندامانی جەهەپە لە ئەنجوومەنی شارەوانی، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان لە جەهەپە راگەیاند.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بە مەبەستی رێگری لە پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی و لیژنەکانی ئەنجوومەن، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی لە مانگی ئابدا بە فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە راگەیێندراوەکەی ئوشاکدا هەتاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چوونەنێو پارتێکی نوێوە بڵاونەکراوەتەوە.
رۆژی 21ـی 5ـی 2026 دادگەی ئەنقەرە لە بڕیارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" هەژمار کرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت. کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی.
جەهەپە رۆژی 9ـی 9ـی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە ساڵانی 1923-1950ـدا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا.
پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانیی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا.
جەهەپە لە کودەتاکەی 1981 بۆ چوار ساڵ داخرا و بە بڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 22 کۆنگرەی نائاسایی کردووە.



