رووداو دیجیتاڵ سەرهەد ئەرەن، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە گوتارێکیدا لە پەرلەمانی تورکیا رەخنەی تووندی لە بوونی چەتە و گرووپەکانی سووخۆری لە شارەکە گرت و گوتی کە نابێ شارەکە رادەستی "چەتەکان" بکرێت. ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی لەکاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەماندا گوتی، "دوێنێ میدیای نێوخۆیی ئامەد بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی گرتەئەستۆ و بە مانشێتی (شەقامەکان رادەستی چەتەکان ناکرێن) هەڵوێستی نیشان دا. منیش لە دژی تۆڕە تاوانکارییەکان، لە دڵەوە پشتگیری لەم هەڵوێست و هەستیارییە هاوبەشە لە شارەکەدا دەکەم و سوپاسی میدیای خۆجێییمان دەکەم". ئەرەن رایگەیاند، گەورەترین چاوەڕوانیی خەڵکی ئامەد ژیانە لە شارێکی ئارامدا، هەروەها رایگەیاند کە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تاوانکارییە رێکخراوەکان راستەوخۆ بەرپرسیارێتیی وەزارەتی نێوخۆیە. ئەرەن هەروەها ئاماژەی بەوەدا، گەورەترین چاوەڕوانیی خەڵکی ئامەد ئەوەیە کە شەقامەکان نەک بە ترس و تاریکی، بەڵکو بە بەرهەمهێنان، ئارامی و رووناکی ناویان بهێنرێن و گوتی، "دابینکردنی ئاسایشی گیانیی خەڵکی ئامەد و رووبەڕووبوونەوەی تۆڕە تاوانکارییە رێکخراوەکان، راستەوخۆ بەرپرسیارێتیی وەزارەتی نێوخۆیە". هاوکات بە پێویستی زانی ژنان، گەنجان و منداڵان لە کەشێکی ئارامدا بتوانن بەشداریی ژیانی کۆمەڵایەتی بکەن، گوتی، "بۆ ئەوەی کاسبکاران، جووتیاران و فەرمانبەران بەهۆی قەرزەکانیانەوە نەکەونە دەستی چەتەکان، دەبێت دەوڵەت دەستبەجێ رۆڵی پارێزەر و پاڵپشتیکاری خۆی بگرێتە ئەستۆ." رووی دەمی کردە وەزارەتی نێوخۆی تورکیا و گوتی، "داوا لە وەزارەت دەکەین ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەتەکان لە شارەکەدا، دەستبەجێ هەنگاوی کاریگەر بنێت." ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی زیاتر مەبەستی ئەو گرووپانەیە کە پارە بە قەرز دەدەنە خەڵک و رێژەی سوودی دەخەنە سەر. دەستلەکارکێشانەوە لە جەهەپە بەردەوامە
تورکیا30-07-2026هاونیشتمانییەک بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا: دەمانەوێت بە کۆمێنتاری کوردی سەیری یارییەکانی ئامەدسپۆر بکەین
تورکیا30-07-2026بزووتنەوەی ئاپۆچی: بەکارهێنانی چەمکەکانی وەک رێکخراوی تیرۆریستی پرۆسەکەی تورکیا تووشی کێشە دەکات