رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێ، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات لە 14 پارێزگا کراوەتە سەر نووسینگەکانی رێکخراوێک کە ژنانی بۆ بازرگانیکردنی نایاسایی بە خانەی زاوزێ بەکارهێناوە و لە ئەنجامدا 36 گومانلێکراو دەستگیرکراون.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی وردەکاری ئەو ئۆپەراسیۆنەی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، دوای بەدواداچوون بۆیان دەرکەوت کە رێکخراوێکی تاوانکاری، ژنانی هاووڵاتیی تورکیای هان داوە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن و هێلکەی خۆیان بفرۆشن.
گورلەک گوتی، لێکۆڵینەوەکە لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی تیرۆر و رێکخراو لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستەنبووڵ دەستیپێکردووە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە بازرگانیی نایاسایی بە خانەی زاوزێ بە شێوەیەکی رێکخراو لە تورکیا، قوبرسی باکوور، ئەلبانیا و جۆرجیا بەڕێوەچووە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە 41 ژن 811 جار هێلکەی خۆیان فرۆشتووە کە لە بەرهەمهێنانی منداڵی بلووری بەکارهێنراون.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە ئەمڕۆ لە 14 پارێزگا بەڕێوەچوو، رێکاری یاسایی دژی 53 گومانلێکراو گیراوەتەبەر، کە پێکهاتوون لە کەسێک کە سەرۆکی رێکخراوەکەیە، 5 بەڕێوەبەر، 41 ژن و 2 پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و 4 کەسی دیکەی نێو رێکخراوەکە.
لەو ژمارەیە 36 کەس دەستگیرکراون و یەکێکی دیکەش پێشتر لە زینداندا بووە. هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی 16 گومانلێکراوی دیکە بەردەوامن، کە 7 کەسیان لە دەرەوەی وڵاتن.
لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە زانیاری لە رێگەی سەکۆی سکاڵای سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا پێشکەشکراوە.
ئەم دیاردەیە لە تورکیا و زۆرێک لە وڵاتان بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و وەک بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ سەیر دەکرێت.



