رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی تووندکردنی رێکارە ئەمنییەکانی سەر سنووری نێوان تورکیا و ئێران، لە ناوچەیەکی شاخاویی سەختی قەزای باشقەڵای سەر بە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، دیوارێکی پۆڵایین بە درێژایی 6 کیلۆمەتر دروستکرا.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆژەی دروستکردنی "شوورەی ئەمنی" لەسەر سنوور کە لە ساڵی 2021ەوە دەستیپێکردووە. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە رێگریکردنە لە قاچاخچێتی، پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی و هاتووچۆی چەکداران.
بەپێی زانیارییەکان، پڕۆژە ئەمنییەکە لە سنووری پارێزگای وان 305 کیلۆمەتر لەخۆدەگرێت؛ تاوەکو ئێستا 235 کیلۆمەتری تەواو بووە و کارکردن لە 70 کیلۆمەتری کۆتایی لە سنووری قەزای باشقەڵا بەردەوامە.
بەهۆی جوگرافیا و تۆپۆگرافیای سەختی ناوچەکە، دیوارەکە بە شێوازێکی تایبەت جێگیر کراوە؛ سەرەتا سەکۆیەکی کۆنکرێتی بە بەرزیی یەک مەتر دروستکراوە، لەسەریشی دیوارێکی ئاسنی بە بەرزیی 5 مەتر دانراوە کە تێلبەندێکی 90 سانتیمەتری لەسەرە.
تەنیا دیوارەکە بەربەست نییە، بەڵکو هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە نوێترین تەکنەلۆژیا پشتیوانی دەکرێن. لەو ناوچەیەدا تاوەرەکانی چاودێریی پێشکەوتوو، کامێرای گەرمیبینی، رادار، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمی دژە درۆن جێگیرکراون بۆ چاودێریکردنی هەر جوولەیەکی نایاسایی.
سنووری پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، بە یەکێک لە سەرەکیترین رێڕەوەکانی کۆچی نایاسایی دادەنرێت کە کۆچبەران لە ئەفغانستان و ئێرانەوە بەکاری دەهێنن بۆ گەیشتن بە ئەورووپا.
حکومەتی تورکیا لە سێ ساڵی رابردوودا بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی لەگەڵ ئێران تەرخانکردووە، ئەوەش لە ڕێگەی دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی، هەڵکەندنی خەندەقی قووڵ و جێگیرکردنی سیستمی چاودێریی ئەلیکترۆنی.



