رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێ، پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" پشتبەستن بە تەنگەی هورمز کەمدەکاتەوە و رێگەی بازرگانی بە شێوەیەکی بەرچاو کورت دەکاتەوە.
ئەمرۆ دووشەممە، 19-10-2026 عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا بەشداری لە پانێڵێکی تایبەت بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کرد.
ئۆراڵئۆغڵو باسی لە بایەخی ستراتیژیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کرد و رایگەیاند:"ئەم پڕۆژەیە تەنیا رێگەیەکی گواستنەوە نییە، بەڵکو بزوێنەرێکی ستراتیژییە کە دەتوانێت هاوسەنگیی هێز و پەیوەندییە ئابوورییەکانی ناوچەکە لە نوێوە دابڕێژێتەوە."
بەگوتەی وەزیری گواستنەوەی تورکیا، ئەم رێڕۆیە نوێیە کە لە بەندەری فاو لە بەسرەوە دەستپێدەکات و لە رێگەی عێراق و تورکیاوە دەگاتە ئەورووپا، ماوەی گەشتە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کورت دەکاتەوە.
ئۆراڵئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە تەواو بووایە، "جیهان کەمتر باسی تەنگەی هورمزی دەکرد."
"دوو وڵات؛ یەک رێڕۆ"
وەزیری گواستنەوەی تورکیا باسی لەو رێککەوتننامانە کرد کە لە 28ی تەممووزدا لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و عەلی زەیدی واژۆکران و گوتی: "ئەم رێککەوتنانە دیدگاکەیان کردووەتە واقیع."
یەکێک لە رێککەوتنەکان تایبەتە بە گواستنەوەی وشکانی و هێڵی ئاسن لە رێگەی دەروازەی سنووریی پێشابوور-ئۆڤاکۆی، کە ئۆراڵئۆغڵو بە "بەهێزترین دەربڕینی تێگەیشتنی 'دوو وڵات، یەک رێڕۆو'" ناویبرد.
ئەراڵئۆغلو گوتیشی:" پلانمان هەیە ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی واژۆکراون، لە پەرلەمانی هەردوو وڵات پەسند بکرێن و دواتر دەست بە قۆناخی جێبەجێکردن بکرێ."
ئۆراڵئۆغڵو گوتی:"ئەم پڕۆژەیە تەنیا رێگەی وشکانی و هێڵی ئاسن نییە، بەڵکو هێڵەکانی گواستنەوەی وزە، ژێرخانی فایبەری ئۆپتیک و بۆریی نەوت و گازیش لەخۆدەگرێت."
کاریگەرییە ئابوورییەکان
ئوراڵئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا کە پڕۆژەکە جۆرێک لە هاوبەشیی چارەنووسی بازرگانی لەنێوان تورکیا و عێراق دروست دەکات و پەیوەندییە ئابوورییە دوولایەنەکان قووڵتر دەکاتەوە و گوتی: "پێشبینی دەکەین پڕۆژەکە لە 10 ساڵدا نزیکەی 55 ملیار دۆلار بەشداری لە ئابووریماندا بکات و بە دانانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و لۆجستی، ساڵانە دەرفەتی کار بۆ 70 هەزار هاووڵاتیمان بڕەخسێنێت."
وەزیری گواستنەوەی تورکیا رایگەیاند:"رێگەی گەشەپێدان ئامانجی دروستکردنی رێڕۆیەکی بازرگانی و لۆجستیی نوێیە، لە کاتێکدا پشتگیری لە ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی عێراق دەکات، توانای بەهێزکردنی پێگەی ناوەندیی تورکیا لە تۆڕەکانی گرێدانی رۆژهەڵات-رۆژئاوا و باکوور-باشووردا هەیە. لەم رووەوە، پڕۆژەکە تەنیا وەبەرهێنانێکی گواستنەوە و ژێرخان نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی ستراتیژییە کە دەتوانێت هاوسەنگیی هێزە هەرێمییەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکان سەر لە نوێ دابڕێژێتەوە."
ئوراڵئۆغڵو، جەختی لەوەش کردەوە کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەتوانێت بەشداری بکات لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە داهاتی نەوت، بەدەستهێنانی قازانجی ئابووری لە بازرگانیی ترانزێت و زیادکردنی گرنگیی جیۆپۆلیتیکی لە سیستمی نێودەوڵەتی.



