رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا بڕیارێکی نوێی دەرکرد؛ بەپێی بڕیارەکە، هەر ئۆتۆمبێلێک تابلۆی بیانی بێت، تاوەکو تەواوی سزا داراییەکان و کرێی بەکارهێنانی رێگاوبان و پردەکان نەدات، رێگەی پێنادرێت لە دەروازە سنوورییەکانەوە بچێتە دەرەوە.
رێنماییە نوێیەکە لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە. عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند: "لە کاتی گەیشتنی ئۆتۆمبێل بۆ دەروازە سنوورییەکان، بە شێوەی ئۆنلاین پشکنین بۆ تابلۆکەی دەکرێت؛ ئەگەر هەر قەرزێکی لەسەر بێت، رێگە بە دەرچوونی نادرێت تاوەکو قەرزەکە پاکتاو نەکات."
وەزیری گواستنەوە ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە سەرجەم شۆفێران دەگرێتەوە، چ هاووڵاتیی تورکیا بن یان بیانی. سەبارەت بە شێوازی پارەدان، گوتی: "خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەتوانن بە نەخت (کاش) یان بە کارت لە دەروازە سنوورییەکان قەرزەکانیان بدەن."
ئۆراڵئۆغڵو هۆشداریشی دا لە دواخستنی سزاکان و رایگەیاند، ئەگەر سزاکە لە ماوەی 15 رۆژدا بدرێت، تەنیا بڕە رەسەنەکە وەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر لە 45 رۆژ تێپەڕێت، سزاکە دەبێتە چوار هێندە.
لە ساڵانی رابردوودا، بەهۆی نەبوونی سیستمێکی یەکگرتوو لەنێوان وەزارەتەکانی دارایی، گومرگ و بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانەکان، زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی بیانییان پێبوو، بەبێ دانی کرێی رێگا خێراکان و سزا داراییەکان تورکیایان جێدەهێشت، ئەمەش زیانێکی زۆری بە داهاتی گشتیی ئەو وڵاتە گەیاندبوو.
حکومەتی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، سیستمێکی ئەلیکترۆنیی هاوبەشی لەنێوان دەروازە سنوورییەکان و دەستەی رێگاوبانەکاندا جێگیر کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە چوونەدەرەوەی هەر ئۆتۆمبێلێکی قەرزدار بکات.



