رووداو - دیجیتاڵ
دامەزراوەی ئاماری تورکیا لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، ژنان لە پیاوان زیاتر دەژین و تەمەنی تەندروست هەتا 58 ساڵییە.
دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک)، ئەمڕۆ چوارشەممە 29-7-2026 راپۆرتێکی تایبەت بە تەمەنی لە ساڵانی 2023-2025 بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، تێكڕای تەمەنی مانەوە لە ژیان لە تورکیا و باکووری کوردستان، بۆ 78.5 ساڵ بەرزبووەتەوە. لە کاتێکدا لە ماوەی 2022 بۆ 2024 ئەو تەمەنە 78.1 ساڵ بووەو لە ماوەی نێوان ساڵانی 2023-2025 بریتی بووە لە 78.5 ساڵ.
ژنان لە پیاوان زیاتر دەژین
بەگوێرەی ئامارەکان، تەمەنی چاوەڕوانکراو بۆ پیاوان 75.9 ساڵە؛ واتا بە شێوەیەکی تێکڕا لە تورکیا و باکووری کوردستاندا تەمەنی پیاوان نزیکەی 80 ساڵە.
تەمەنی چاوەڕوانکراو بۆ ژنان بە 81 ساڵ و نیو دیاریکراوە.
دامەزراوەی ئامار هەروەها رایگەیاندووە، تەمەنی چاوەڕوانکراوی ژنان 5.2 ساڵ زیاترە لە تەمەنی پیاوان.
خوێندن تەمەن درێژتر دەکات
لە توێژینەوەکەدا، پەیوەندییەکی سەرنجڕاکێش لە نێوان ئاستی خوێندن و تەمەنی چاوەڕوانکراودا دەرکەوتووە. بەگوێرەی داتاکان، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن، تەمەنی چاوەڕوانکراوی ژنان و پیاوانیش زیاد دەکات. بەتایبەتی لە کەسانی تەمەن 30 ساڵدا، دەرکەوتووە کە تەمەنی چاوەڕوانکراوی دەرچووانی خوێندنی باڵا بەراورد بەو کەسانەی ئاستی خوێندنیان نزمترە، بە شێوەیەکی بەرچاو درێژترە.
دامەزراوەی ئاماری تورکیا تەمەنی 58 ساڵی بە ماوەی ژیانی تەندروست دیاریکردووە و ناوی ناوە ماوەی بێ کێشە و گرفت.
ماوەی ژیانی تەندروست بۆ پیاوان بە 59.1 ساڵ و بۆ ژنانیش بە 56.9 ساڵ دیاریکراوە.



