رووداو دیجیتاڵ
ماوەی کارکردنی پەرلەمانی تورکیا بەهۆی تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەر و چەند پرۆژەیاسایەکی دیکەوە تاوەکو 6ـی ئاب درێژکرایەوە.
پێشنیازی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) سەبارەت بە خشتەی کاری پەرلەمان لەلایەن کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانەوە پەسەندکرا.
بەم پێیە، پەرلەمان لە رۆژانی 4، 5 و 6ـی ئابدا بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوەکانی بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی کە لە بەرنامەی کاریدان.
یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی کارنامەی پەرلەمان، پرۆژەیاسای تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژێکی دیکە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت.
جگە لەوەش، پرۆژەیاسای گۆڕانکاری لە یاسای خوێندنی باڵا، پرۆژەیاسای پاراستنی منداڵان و پەسەندکردنی چەند رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی لە بەرنامەی کاری پەرلەماندا ماونەتەوە و پێش ئەوەی بچێتە پشووی هاوینە، دەبێت یەکلایی بکرێنەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی هەینی بڕیارە پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بکات و کار لەسەر پرۆژەیاساکان بکات و دۆسیەکانی پێداچوونەوە دوابخات.
هەموو ساڵێک پەرلەمانی تورکیا لە 1ـی تەممووز دەچێتە پشووی هاوینە.
ئەمساڵ لە 16ـی حوزەیراندا بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ماوەی کارکردنی پەرلەمان تاوەکو 22ـی تەممووز درێژکرایەوە.
لە 21ـی تەممووز لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی ئاکپارتی ماوەی کارکردنی پەرلەمان تاوەکو 30ـی تەممووز درێژکرایەوە. رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووز جارێکی دیکە لەسەر داوای فراکسیۆنی ئاکپارتی بۆ جاری سێیەم ماوەی کارکردنی پەرلەمان درێژکرایەوە و پەرلەمان تاوەکو 6ـی ئاب لە دانیشتنەکانی بەردەوام دەبێت.



