رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا راگەیاند، پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکرێت، لە رۆژانی داهاتوودا ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەکە دەکرێت. دەشڵێت شەڕی 40 ساڵەی پەکەکە زیانی زیاتر لە 2.3 تریلیۆن دۆلاری لە ئابووریی تورکیا داوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند، "کاتێک ئاستەنگی تیرۆر نامێنێت، ئابووریی تورکیا لە هەموو بوارێکدا دەست بە نووسینەوەی چیرۆکێکی نوێ دەکات."
ئەردۆغان ئاماژەی بە زیانە ئابوورییەکانی شەڕ کرد و گوتی، "زیانەکەی لەسەر کۆی بەرهەمی نێوخۆیی گەیشتووەتە 510 ملیار دۆلار، لەسەر داهاتی تاک گەیشتووەتە 5800 دۆلار و لە کەرتی هەناردەکردنیشدا 110 ملیار دۆلار بووە، هەروەها بووەتە هۆی لەدەستدانی هەلی کار بۆ 2.5 ملیۆن کەس."
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند کە لە ماوەی ئەو ململانێ چەکدارییەی 40 ساڵی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 2.3 تریلیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی وڵاتەکەی گەیشتووە.
لەبارەی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری ئەردۆغان گوتی، "لە رۆژانی داهاتوودا ئەو رێکخستنە یاساییەی کە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکەین، پێشکەشی پەرلەمانی دەکەین."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد، وەک هاوپەیمانیی جمهور (ئاکپارتی و مەهەپە)، بە پشتیوانیی پارتییە سیاسییەکانی پەرلەمان کە پرسی نیشتمانی لە پێش بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیانەوە دادەنێن ئەم پرۆسە گرنگە دەگەیەننە ئامانجی خۆی.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە بە پشتیوانی حیزبە سیاسییەکان و بەبێ زەرەرگەیاندن بە بەها نیشتمانییەکان دەگەیەننە ئەنجام.
بڕیارە پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە چەند رۆژی داهاتوو بگاتە پەرلەمان و دوای پێداچوونەوەی لیژنەی کاروباری یاسایی دەخرێتە کارنامەی پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.



