رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا، کشانەوەی خۆی لە کاری سیاسیی حیزبی و کۆتاییهاتنی تەواوی چالاکییەکانی پارتەکەی راگەیاند. ئاماژەی بەوەش کرد، نایەوێت ببێتە بەشێک لەو "ژینگە سیاسییە گەندەڵەی" لە تورکیادا دروستبووە.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە لە بەیاننامەیەکدا بە ناونیشانی "بۆ تورکیای بەیانی" کشانەوەی لە سیاسەت راگەیاند و گوتی، "لە ئەنجامی راوێژی لەگەڵ دەستەی باڵای پارتەکەمان و هەڤاڵانمان، بە مەبەستی نەبوونە بەشێک لە ژینگەی سیاسیی گەندەڵبوو، بڕیارماندا لە کاری سیاسیی حیزبی بکشێینەوە و کۆتایی بە چالاکییە سیاسییەکانی پارتی ئاییندە بهێنین."
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا ئەم هەنگاوە بە مانای کۆڵدان نایەت و گوتی، "ئەم بڕیارە بڕیاری خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمبوون نییە، بەڵکو بڕیاری خۆبەدوورگرتنێکی ئەخلاقییە. دەستبەرداربوون نییە لە سیاسەت، بەڵکو داواکارییەکی کراوەیە بۆ هەمووان تاوەکو سەرلەنوێ بیر لە سیاسەت بکەنەوە."
سەبارەت بە پرۆژەی داهاتووی، سەرۆکی پارتی ئاییندە باسی لەوە کرد، لەمەودوا لە بواری فیکری، پەروەردە، زانست، کولتوور، دیپلۆماسی، ئابووری و هاوکاریی کۆمەڵایەتیدا درێژە بە هەوڵەکانی دەدات.
رەخنەی تووندی لە سیستمی دەسەڵاتداری و دادگاکان دەگرێت و گەڕانەوە بۆ "سیستمی پەرلەمانیی بەهێزکراو" بە پێویستییەکی حەتمی بۆ تورکیا دەزانێت.
ئەحمەد داودئۆغڵو کە پێشتر وەک وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەسەر پشکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کاری دەکرد، لە کۆتایی ساڵی 2019دا دوای دروستبوونی ناکۆکیی قووڵ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە حیزبەکەی جیابووەوە و پارتی ئاییندەی دامەزراند. پارتەکەی داودئۆغڵو بەشێک بوو لە هاوپەیمانیی شەش قۆڵیی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 2023دا و توانی چوار کورسیی پەرلەمان بباتەوە.



