رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی کۆبووەوە و رایگەیاند، گفتوگۆیان لەسەر پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوانیان لە چەندین بواردا کرد، لەوانە وزە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێگەی گەشەپێدان گرنگی زۆری بۆ هەردوولا هەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی هەردوو وڵات خۆشگوزەرانتر بژین.
رۆژی سێشەممە، 28ی تەممووزی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ لە ئەنقەرە میوانداریی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و برای ئازیزم بکەم"؛ دەشڵێت، "لە گفتوگۆکانماندا، پەرەپێدانی هاوئاهەنگی هەمەلایەنە و پڕۆژە هاوبەشەکانمان تاوتوێ کرد، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە، بازرگانی، گواستنەوە و ئاسایش".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد: "هاوتەریب لەگەڵ ئامانجمان بۆ گۆڕینی سنوورەکانمان بۆ مەودایەک بۆ هاوئاهەنگیی ناوچەیی و گەشەپێدانی هاوبەش، کار لەسەر ئەو پڕۆژانە دەکەین کە راستەوخۆ دەبنەهۆی ئاشتی و ئاسایشی گەلەکانمان. لەم چوارچێوەیەدا، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان وەک دیدگایەکی ستراتیژی دەبینین کە تورکیا و عێراق دەخاتە چەقی پەیوەندییە هەرێمییەکان و خۆشگوزەرانی".
درێژیى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان 1200 کیلۆمەترە، لە هێڵى گواستنەوەى کاڵا، گەشتیارى، شەمەندەفەر و وشکانی پێکدێ، لە بەندەرى فاو لە بەسرەوە دەستپێدەکات. مەیسەم سافى گوتى: "هێڵەکە بەگوێرەى نەخشە بنەڕەتییەکەى، لە پێشابوور و هەرێمى کوردستانەوە تێپەڕ دەبێت بۆ تورکیا".
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلارى بۆ شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەبێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکەى دەبێت. قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە ساڵی 2028 تەواو دەبێت و دوایین قۆناخى لە 2050 تەواو دەبێت.
بە گوێرەی فیدان، "بیروڕای هەمەلایەنەشمان لەبارەی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕ کرد. ئێمە سەقامگیری و ئاسایشی عێراقی برا بە جیا لە سەقامگیری و ئاسایشی خۆمان نابینین. لەسەر بنەمای متمانەی یەکدی، بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانمان لە هەموو بوارەکاندا."



