رووداو - دیجیتاڵ
ئەرکی سەربازانی تورکیا لە کەنداوی عەدەن و سۆماڵ بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژکرایەوە. یاداشتی سەرۆکایەتیی کۆمار لەمبارەیەوە لە پەرلەمان پەسندکرا.
پەرلەمانی تورکیا شەوی رابردوو 22-7-2026 تاوتوێی ئەو یاداشتەی کرد، کە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە کەنداوی عەدەن و سنوورە ئاوییەکانی سۆماڵ بۆ دوو ساڵی دیکە، پێشکێشکرابوو.
لە یاداشتی سەرۆکایەتیی کۆماردا جەخت لەوە کراوەتەوە، سەربازانی تورکیا لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆدا ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن. هەروەها ئاماژەکراوە سۆماڵ بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورە ئاوییەکانی، داوای هاوکاریی لە تورکیا کراوە.
لە یاداشتەکەدا باسی دابینکردنی ئاسایشی ئەو کەشتییانە کراوە کە لە ناوچەکەدان و پەیوەندییان بە تورکیاوە هەیە، هاوکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەتە و رێگرە دەریاییەکان، سەرنج خراوەتە سەر رۆڵی تورکیا.
لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا، دوای گوتاری نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، بابەتەکە خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا.
لە کاتی گفتوگۆکاندا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی، تورهان چۆمەز لە شوێنی خۆیەوە مافی قسەکردنی وەرگرت و رایگەیاند، لە فەرماندەیی بنکەی سەرەکیی 18ی یاڵۆڤای سەر بە زانکۆی بەرگریی نیشتمانی، چوار خوێندکار بەهۆی مانەوەیان لەژێر تینی هەتاوەوە نەخۆش کەوتوون و یەکێک لەو خوێندکارانەش گیانی لەدەستداوە. چۆمەز هەروەها داوای کرد رێوشوێنی پێویست لە دژی گەرما بۆ سەربازان بگیرێتەبەر.
سێڤیلای چەلەنک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد دوای ئەوەی داوای لێخۆشبوونی بۆ ئەو سەربازە کرد کە لە یاڵۆڤا گیانی لەدەستداوە، گوتی:"ئێمە هیچ کاتێک نەمانتوانیوە ژمارەی سەربازانی تورکیا لە سۆماڵ بزانین. دیدگەی ئێمە وەکو دەم پارتی لەسەر ئەم بابەتە روونە. ئێمە لێرەدا لە لایەکەوە لە روانگەی دەرهاوێشتەکانی سۆماڵ سەیری ئەم پرسە دەکەین، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر چ تەوەرێک بەڕێوەدەچێت سەیری دەکەین".
لەبارەی یاداشتی درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سەربازانی تورکیا لە سۆماڵ، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتی: "ئەم یاداشتانە هیچ کاتێک نابنە ئەو یاداشتێک کە خاوەندارێتی لە دیدگە و هیوای ئاشتی بکات. لە بنەڕەتیشدا، ئاشتی شتێک نییە کە لە رێگەی بەهێزکردنی هێزی سەربازی، میلیشیا و پڕچەککردن بەدەستبێت. ئێمە بەم شێوەیە بیردەکەینەوە و ناتوانین پشتگیری لەم جۆرە یاداشتانە بکەین. ئێمە لە نەریتێکی سیاسییەوە هاتووین کە بڕوای وایە ئاشتی و ئاسایش لە رێگەی دیپلۆماسی، دیموکراسی، رێزگرتن لە سروشت و ژینگە، دابەشکردنی یەکسانی سەرچاوەکان و بەهێزبوونی ئابووری لە بنکەوە، هەروەها بە دیاریکردنی چارەنووسی گەلان لەلایەن خۆیانەوە و بە ویست و ئیرادەی خۆیان، بنیات دەنرێت".
سەربازانی تورکیا لە ساڵی 2017ــەوە لە سۆماڵ و سنوورە ئاوییەکانی ئەو وڵاتە ئەرکدارن و ساڵانە یان دوو ساڵ جارێک ماوەی مانەوەیان لە پەرلەمان درێژدەکرێتەوە.


