رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ریازی پایتەختی سعودیە کرد، کە بەهۆیەوە 12 کەس کوژران.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 11-10-2026 لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "جارێکی دیکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەختی سعوودیە لەلایەن حووسییەکانەوە کراوەتە ئامانج و بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: "ئەم هێرشانەی بە ئەنقەست ژێرخانی مەدەنی و هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان دەکەنە ئامانج، پێشێلکردنێکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتین".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە پێویستی دەزانێت، دەستبەجێ کۆتایی بەو کردانە بهێندرێت کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن و زیان بە هەوڵە هاوبەشەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چەسپاندنی ئاشتی دەگەیێنن.
تورکیا هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سعوودیە دووپات کردووەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە کە رۆژی یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکە، 12 کەس کوژراون، کە چواریان سعودین، کوژراوانی دیکەش خەڵکی چەند وڵاتێکی جیاوازن کە پێکهاتوون لە: دوو بەنگلادیشی، یەک ئەمریکی، یەک میسری، یەک ئوردنی، یەک سووریایی، یەک فەلەستینی و یەک هاووڵاتیی سوودانی.
ئەوە دووەم هێرشی مووشەکیی حووسییەکان بوو لە ماوەی تەنیا دوو رۆژدا بۆ سەر فڕۆکەخانەکەی سعودیە.


