رووداو دیجیتاڵ
لە 321 قوتابخانە قوتابییانی وانەی بژاردەی کوردی لەسەر چاپی فۆتۆکۆپی وانەکانیان دەخوێنن. لە تورکیا و باکووری کوردستان 86 هەزار قوتابیی کورد بێ پەرتووکی وانەی کوردین.
زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا لە تورکیا و باکووری کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام ئەو قوتابییانەی وانەی بژاردەی کوردییان هەڵبژاردووە، هێشتا بێ پەرتووک و کەرەستەی خوێندنی وانەکەن. سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردەی کوردی لە لقی ئامەدی سەندیکای مامۆستایانی مەموور-سەن بە رووداوی راگەیاند، لە 16 پارێزگادا قوتابییانی 321 قوتابخانە بەهۆی کەمتەرخەمیی وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە زەرەرمەند بوون و ناچارن لەسەر کاخەزی جیاجیای لەبەرگیراو، واتە فۆتۆکۆپی، وانەکانی کرمانجی و زازاکی بخوێنن.
لە 7ـی مانگی رابردوودا ساڵی نوێی خوێندن لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستیپێکرد. سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر کردنەوەی قوتابخانەکاندا، تاوەکو ئێستا پەرتووکی خوێندنی کوردی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە بەسەر ئەو قوتابییانەدا دابەشنەکراوە کە وانەی بژاردەی کرمانجی و زازاکییان هەڵبژاردووە.
لە کاتێکدا پەرتووکی سەرجەم وانەکانی دیکە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بێبەرامبەر دابەشکراون، قوتابییانی کورد ناچارن پەرتووکی وانەی کوردی کۆپی بکەنە سەر کاخەزی ئاسایی و لەسەریان بخوێنن.
هودایی مۆرسومبول، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردەی کوردی لە لقی ئامەدی سەندیکای مەموور-سەن، رۆژی یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026 لەبارەی ئەم بابەتەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد.
"قوتابییان وانەی کوردی لەسەر فۆتۆکۆپی دەخوێنن"
مۆرسومبول باسی لەوە کرد کە بۆ وەرزی نوێی خوێندن 86 هەزار و 64 قوتابی لە قوتابخانەکاندا وانەی کوردییان هەڵبژاردووە، بەڵام گوتی: "تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر کەم لە پەرتووکەکان گەیشتوونەتە دەست قوتابییانی وانەی کوردی و قوتابییانی 321 قوتابخانە لە 16 پارێزگا ناچارن بە فۆتۆکۆپی وانەکانی کرمانجی و زازاکی بخوێنن."
کێشەی 15 ساڵە: نەبوون و کەمیی پەرتووکی کوردی
هودایی مۆرسومبول راگەیاند، دابینکردن و گەیاندنی پەرتووکەکان لە کاتی خۆیدا، راستەوخۆ لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەی تورکیادایە، بەڵام ماوەی 15 ساڵە پەرتووکی کوردی لە قوتابخانەکاندا یان کەم دابەش دەکرێت یان هەر دابەش ناکرێت.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردەی کوردی ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتێکدا پەرتووکی تەواوی وانەکانی دیکە بە بێبەرامبەر و بە تەواوەتی بەسەر سەرجەم قوتابییاندا دابەش دەکرێن، "تەنیا قوتابییانی وانەی کوردی بێ کەرەستە دەهێڵدرێنەوە و ناچار دەبن بە توانای دارایی خۆیان فۆتۆکۆپی رابکێشن بۆ ئەوەی وانەی کوردی بخوێنن."
مۆرسومبول لەبارەی بیانووە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە زانیاریی دا و گوتی کە بەرپرسانی یەکەی دابەشکردنی پەرتووکەکان لە وەزارەت پێیان راگەیاندوون کە لە سیستمی خوێندنەوەی باڕکۆدی (QR Code) سەر پەرتووکەکاندا کەموکوڕییەکی تەکنیکی دروستبووە و لەبەر ئەوە دابەشکردنی پەرتووکە کوردییەکان دواکەوتووە.
"لە 14 پارێزگادا پەرتووکی کوردی دابەش نەکراوە"
بەڵام مۆرسومبول ئاماژەی بە جیاکاری لەم بوارەدا کرد و ئاشکرای کرد کە لە دوو هەفتەی یەکەمی دەستپێکی خوێندندا کێشەی باڕکۆدی سەرجەم پەرتووکەکانی دیکە چارەسەرکرا و ناردنیان بۆ پارێزگاکان کۆتایی هات؛ لە کاتێکدا سەرەڕای تێپەڕبوونی 4 هەفتە، لە 14 پارێزگادا هێشتا پەرتووکی کوردی نەنێردراوە و تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم گەیشتووەتە ئامەد و مووش.
"پێویستی بە 344 مامۆستایە بەڵام تەنیا 153 مامۆستا هەن"
جگە لە نەبوونی پەرتووک، یەکێکی دیکە لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم وانەی بژاردەی کوردی، کەمبوون یان نەبوونی مامۆستایە. سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 86 هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە، مۆرسومبول دەڵێت ئێستا لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان لە نێو 321 قوتابخانەدا تەنیا 153 مامۆستای کوردی دامەزراون.
ئەو دەشڵێت ئەم کەمییەی مامۆستا وا دەکات هەر مامۆستایەک ناچار بێت هەفتانە سەردانی دوو یان سێ قوتابخانەی جیاوازی پارێزگاکە بکات بۆ ئەوەی وانە بڵێتەوە.
مۆرسومبول لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە داواکارن هەموو قوتابییان لە زووترین کاتدا پەرتووکەکانیان بەدەست بگات و مامۆستای پێویست دابمەزرێندرێت، هەروەها ئامادەیی سەندیکاکەیشی دەربڕی بۆ دانیشتن لەگەڵ هەرسێ سەندیکا گەورەکەی دیکەی پەروەردە و ئەنجامدانی کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
"دەبێت وانەی کوردی ببێتە وانەی ناچاری"
لە لایەکی دیکەوە، سوبحی ئۆزگەن، دامەزرێنەری کۆمەڵەی بزووتنەوەی زمانی کوردی (هەز-کورد) بە رووداوی راگەیاند و بانگەوازی لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، وەزارەتی پەروەردە و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد کە لە بەرامبەر ئەم رێگریکردنەدا بێدەنگ نەبن و دەبێت وەزارەتی پەروەردە لە زووترین کاتدا پەرتووکەکان بۆ قوتابییان بنێرێت.
سوبحی ئۆزگەن ئاماژەی بەوە کرد کە لە ناوچەی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ بە هەوڵەکانی ئەوان زیاتر لە هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەرتووکەکان نەنێردراون، هێشتا وانەکان دەستیان پێنەکردووە.
ئۆزگەن باسی لەوە کرد کە بنەمای وانەی بژاردە پتەو نییە و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەم کێشەیە لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و وانەی کوردی لە سەرتاسەری تورکیادا ببێتە وانەی ناچاری (بەزۆرەملێ بخوێندرێت).
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2012دا لە چوارچێوەی "پاکێجی دیموکراتیزەکردن"ـدا، زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی لەژێر ناوی "زمان و شێوەزارە زیندووەکان" بۆ پۆلەکانی 5، 6، 7 و 8ـی قوتابخانە ناوەندییەکانی دەوڵەت وەک وانەی بژاردە بۆ دوو کاژێر لە هەفتەیەکدا پەسند کرا.
بەپێی رێکارەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، بۆ کردنەوەی پۆلێکی وانەی کوردی لە قوتابخانەیەکدا، دەبێت لانیکەم 10 قوتابی هەمان وانە هەڵبژێرن. رێکخراوەکانی زمانی کوردی بەردەوام رەخنە لەوە دەگرن کە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بە بیانووی نەبوونی مامۆستا یان پەرتووک، رێگری لە کردنەوەی پۆلەکان دەکەن و منداڵان بەرەو وانەکانی دیکە ئاراستە دەکەن.
سەرەڕای ئاستەنگەکان، لە ئەنجامی کەمپەینەکانی کۆمەڵگەی سڤیل، سەندیکاکانی پارێزەران و سەندیکاکانی دیکە، لە ساڵی 2026دا ژمارەی ئەو قوتابییانەی لە 16 پارێزگا داوای وانەی کوردییان کردووە گەیشتووەتە 86 هەزار و 64 قوتابی؛ بەڵام نەبوونی کەرەستەی خوێندن و دانەمەزراندنی مامۆستای پێویست وەک گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم ئەم پەروەردە کوردییەدا دەمێنێتەوە.

