رووداو دیجیتاڵ
بڕيارە سبەی دووشەممە کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبێتەوە و چەند مژارێک تاوتوێ بکات، لەوانەش دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری.
دەستەی هاوئاهەنگی پاڵپشتی و یەکگرتوویی نیشتمانی ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەو لیژنە لاوەکییانەی دیاری کردووە کە پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن.
هاوکات، باس لە دامەزراندنی (لیژنەی چاودێری) دەکرێ کە بریارە لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێ.
لە کۆبوونەوەکەدا و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی لە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بەدەست گەیشتوون، پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە تاوتوێ دەکرێ.
دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئابووریی تورکیاش مژاری دیکەی کۆبوونەوەکە دەبن. لەم هەفتەیەدا رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بە 29.73% راگەیێندرا و ئاماژە بە رەوتی دابەزین و سەقامگیریی نرخ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەو هەنگاوانە دەکرێ کە لە چوارچێوەی بەرنامەی مەودا مامناوەند لەم بوارەدا دەنرێن.
هەروەها چوارچێوەی گفتوگۆکانی بودجەی گشتیی ناوەندی کە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لە پەرلەمان دەستپێبکات، تاوتوێ دەکرێ.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی ناوچەکەش دەخرێنە بەرباس، لەوانەش گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا؛ پێشهاتەکانی کەرتی غەززە؛ شەڕی رووسیا و ئۆکراینا.
کۆبوونەوەکەی کابینەی حکومەتی تورکیا لە کاتێکدایە، حکومەتی ئەو وڵاتە لەلایەکەوە سەرقاڵی چارەسەرکردنی پرسی گەندەڵی سندووقەکانی وەبەرهێنانە کە بووەتەهۆی زەرەرمەندبوونی زیاتر لە 454 هەزار وەبەرهێنەر، چەند کەسایەتییەکی سیاسیش تێوەگلاون.
لەلایەکی دیکەوە لە پرۆسەی چارەسەری چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە دەکرێ لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکە بۆ ئەوەی یاسای تایبەت بە پرۆسەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.


