بەگوێرەی دوایین پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی، شەپۆلێکی دیکەی گەرما ئامەدی باکووری کوردستان دەگرێتەوە؛ داوا لە خەڵک کراوە 31ی تەمموز ئەگەر پێویست نەبوو لە ماڵ دەرنەچن. بە گشتی لە باکووری کوردستاندا پلەی گەرما دەچێتە سەرووی دۆخی ئاسایی. لە ئامەد پلەی گەرما لەم چەند رۆژەی دواییدا لە ئاستی ئاسایی وەرزەکەدا بوو و بە تێکڕا لەنێوان 39 بۆ 40 پلەی سیلیزی بووە. بەگوێرەی پێشبینیی دەزگای کەشناسی، لە رۆژانی داهاتوودا شەپۆلێکی گەرمای زۆر تووندتر ئامەد دەگرێتەوە. کەشوهەوای شارەکە لە کۆتاییەکانی تەممووزدا دەگاتە ئاستێکی پێوانەیی و دەزگای کەشناسی هۆشداری بە ئامەدییەکان دەدات رۆژی 31ی تەممووز پلەی گەرما دەگاتە ئەوپەڕی. پێشبینی دەکات رۆژی 31ی تەممووزی 2026، پلەی گەرما لە ئامەد بگاتە 46 پلەی سیلیزی. شارەزایان هۆشداری دەدەن، بەتایبەتی بەساڵاچووان، منداڵان و ئەو هاونیشتمانییانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، لەنێوان کاژێر 11:00 بۆ 16:00 کە گەرمترین کاتەکانی رۆژە، ئەگەر ناچار نەبن نەڕۆنە دەرەوە. هەتا ئێستا پلەی گەرما لە ئامەد بە تێکڕا لە نێوان 23 و 39ی سیلیزی بووە.