رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، دوای کشانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە تورکیا، هیچ بیانوویەک نەماوە و ئیدی دەبێ پرۆسەی چارەسەری بە خێرایی بەڕێوەبچێت.
رۆژی هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2026 ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی لە ئەنقەرە، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و باسی لە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری کرد.
ئایشەگوڵ دۆغان داوای لە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد بە خێرایی کارەکانی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی چاودێریی پەرلەمان تەواو بکات و گوتی، "پێویستە کۆمیسیۆنی چاودێری کە لە یاساکەدا دیاریکراوە، بە بەشداریی هەموو پارتەکان و بە شێوازێکی فرەلایەن پێکبهێندرێ. بەڕێز کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان دەبێت بە زووترین کات سەردانەکانی بۆ لای پارتە سیاسییەکان تەواو بکات، پێشنیازەکان وەربگرێ و بنەماکانی کاری ئەو کۆمیسیۆنە لەگەڵ رای گشتی بەش بکات."
دۆغان ئاماژەی بە راگەیێندراوی ئەم دواییەی "بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکە" کرد لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە تورکیا، چۆڵکردنی توونێلەکانی زاپ و مەتینا و گوتی، "هەموو مەرجەکانی تێکۆشانی سیاسیی دیموکراسیی هاتوونەتەدی. لەمەودوا دەبێت هەموو ناڕوونییەکان لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە کۆتاییان پێبێت. پێویستە بزانرێ کە دەستە و لیژنە لاوەکییەکان چۆن کاردەکەن. رۆڵی هاوئاهەنگیکاری بەڕێز ئۆجەلان زۆر گرنگە و دەبێت مەرجەکانی بەشداریی کارای بۆ دابین بکرێ. پرۆسەکە بە وەستان پێشناکەوێ، بەڵکو تەنیا بە هەنگاوی نوێ دەتوانێت پێشبکەوێ."
گوتەبێژی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، شاندی ئیمراڵیی پارتەکەی بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆمار و بەرپرسانی ئاکپارتی و لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی ئەم دیالۆگە بۆ پرۆسەکە بەهێزتر بکرێ.
8ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر تەواوی هێزەکانیان لەنێو تورکیا کشاندوونەتەوە و تونێل و سەنگەرەکانیشیان لە زاپ و مەتینا-ش (باشووری کوردستان) چۆڵکردوون.



