بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا هۆشداریی شەپۆلێکی باو و بارانی بۆ پارێزگاکانی ئەردەخان، قەرس و ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بڵاوکردەوە. ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە کە سەر بە وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیایە، ئەمڕۆ شەممە 18-7-2026 نوێترین پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوا بڵاوکردەوە. چاوەڕوان ناکرێت گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە پلەی گەرمادا رووبدات و لە تورکیا و باکووری کوردستاندا بە شێوەی تێکڕا دۆخەکە ئاسایی دەبێت. کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەدواوە لە دەوروبەری پارێزگاکانی ئەردەخان، قەرس و لەگەڵ بەشێکی پارێزگای ئەرزەڕۆم، پێشبینیی بارانی بەخوڕ دەکرێت. داواش لە هاونیشتمانیان کراوە بەرامبەر ئەگەری لافاو، کۆبوونەوەی ئاو، هەورەبرووسکە و دروستبوونی گرفت لە هاتووچۆدا، ئاگاداربن و رێ و شوێن بگرنە بەر. هەروەها هۆشداری بۆ دوو شوێنی تورکیاش دراوە؛ راگەیێندراوە کە لە باشووری رۆژئاوای مەڕمەڕە و کەناراوەکانی باکووری ئیجە با لە باکوورەوە، لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵیش لە ئاراستەی باشوورەوە بە خێرایی 30 تاوەکو 60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا هەڵدەکات. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی داوای لە هاووڵاتییان کردووە، بەرامبەر هەر رووداوێکی نەخوازراو کە بەهۆی بای بەهێزەوە، وریابن و رێکاری پێویست بگرنەبەر.