رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی هێزەکانی یەبەشە چەکەکانیان رادەستی بەغدا دەکەن و شنگال دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق، لە ماوەی 60 رۆژدا تورکیا سەربازگەی باشیک-زێلکان رادەستی هێزەکانی عێراق دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2026، عومەر چەلیک، یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی ئاکپارتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی گوتی: "بە رادەستکردنی چەکەکانی یەبەشە بە حکومەتی ناوەندی، پرۆسەیەکی نوێ دەستپێدەکات و چیای شنگال بە تەواوی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق؛ دوای کۆنترۆڵکردنی شنگالیش، پێشبینی دەکەین لە ماوەی 60 رۆژدا کامپی باشیک-زێلکان بە قۆناخ لەلایەن تورکیاوە رادەستی هێزەکانی عێراق بکرێتەوە."
سەبارەت بە دەنگۆی پەککەوتنی "یاسای چوارچێوە" بۆ پرۆسەی چارەسەری، گوتەبێژی ئاکپارتی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە مەرجی پێویست بۆ جێبەجێکردنی یاساکە ئەوەیە: "رێکخراوەکە (پەکەکە) بە تەواوەتی چەک دابنێت، کۆتایی بە هەموو چالاکییەکانی بهێنێت و چەکدارەکانی لەو شوێنانە کۆببنەوە کە لەلایەن میکانیزمی هاوبەشەوە دیاری دەکرێن."
چەلیک هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، لەگەڵ هاوئاهەنگییەکانی ئەم دواییەی بەغدا بە دوو دەستکەوتی گەورە بۆ پڕۆژەی ناسراو بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوبرد.
سەبارەت بە سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سووریا، چەلیک گوتی: "سەرۆککۆمار ئارەزووی هەیە سەردانی سووریا بکات و کار لەسەر بابەتەکە دەکرێت، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیاری نەکراوە."
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، کە رایگەیاندبوو "رەجەب تەیب ئەردۆغان دووبارە بەربژێری ئێمەیە،" چەلیک سوپاسی باخچەلی کرد و رایگەیاند، بەربژێری هاوپەیمانیی کۆمار بۆ سەرۆککۆماری لە خولی داهاتوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغانە.

