رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی ئیستەنبووڵی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە تووندی هێرش دەکاتە سەر ئەو بەرپرس و سەرۆک شارەوانییانەی لە پارتەکەی جیادەبنەوە و دەچنە نێو ئاکپارتی؛ رایدەگەیێنێت کە ئەم هەنگاوە گواستنەوەی سیاسی نییە، بەڵکو "ئابڕووچوون، ساختەکاری بەرامبەر بە دەنگدەر و راکردنە لە لێپێچینەوەی گەندەڵی."
گیورسەل تەکین، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی جەهەپە، لە بۆڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی دیاردەی بەجێهێشتنی پارتەکەی لەلایەن هەندێک بەرپرسی هەڵبژێردراوەوە، گوتی: "ئەوەی لەنێو پارتەکاندا بە ناوی ترانسفەر روودەدات، ترانسفەر نییە، بەڵکو فێڵ و ساختەکارییە؛ هاووڵاتییان لە ئیستەنبووڵ، ئیزمیر و سەرانسەری تورکیا دەنگیان بە ناوبانگی جەهەپە داوە نەک وەک کەسی سەربەخۆ. ئەگەر کێشەیەکت لەگەڵ حیزبەکەت هەیە، رێگەی شەرەفمەندانە ئەوەیە دەستلەکاربکێشیتەوە، نەک لە ترسی هەڕەشەی دەسەڵات و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و سامانت بچیتە نێو پارتێکی دیکە."
"لە ترسی زیندانیکردن پەنا بۆ ئاکپارتی دەبەن"
لە تورکیا دەنگۆیەک هەیە کە بەشێک لە جەهەپەییەکان لە ترسی دۆسیەی گەندەڵی دەچنە نێو ئاکپارتی، تەکین گوتی: "هیچ لێکدانەوەیەکی دیکەی نییە؛ کاتێک بە دەنگی خەڵک دەگەیتە دەسەڵات و دواتر دەچیتە ناو حیزبی دەسەڵاتدار، واتای ئەوەیە هەڕەشەت لەسەرە یان دەتەوێت خۆت لە لێپێچینەوە رزگار بکەیت."
تەکین وەک بەڵگە باسی لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی سەرۆک شارەوانییەکان کرد و گوتی: "لەسەر بنەمای قسەی شایەتحاڵێک چەندین سەرۆک شارەوانی رووبەڕووی گرتن بوونەوە، بەڵام سەرۆک شارەوانییەکانی (توزلا و چەکمەکۆی) لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکرا، تەنیا لەبەر ئەوەی چوونە ناو ئاکپارتی. هەروەها لە ئاتاشەهیر بە جێگری سەرۆکی شارەوانی گوترابوو یان دەستلەکاربکێشەرەوە یان دەستگیر دەکرێیت، دوای سێ رۆژیش ئۆپەراسیۆنەکەی لە دژ کرا؛ ئەمەش دەیسەلمێنێت هەڵمەتەکان سیاسی و نەخشەبۆکێشراون."
کاتی کۆنگرەی گەورەی جەهەپە
سەبارەت بە نوێبوونەوەی حیزب، سەرۆکی لقی ئیستەنبووڵی جەهەپە ئاشکرای کرد: "خشتەی کۆنگرە لە ماوەی 15 بۆ 20 رۆژی داهاتوودا رادەگەیێندرێت. تاوەکو مانگی کانوونی دووەم تەواوی کۆنگرەی ناوچەکان و شارەکان تەواو دەبن، لە مانگی نیسانیشدا کۆنگرەی گەورەی سەرتاسەریی جەهەپە بەڕێوەدەچێت."
لەبارەی دەنگۆی جیابوونەوەی مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە، تەکین جەختی لە پرەنسیپی وەفاداریی سیاسی کردەوە و گوتی: "مەسەلەیەکی کۆن هەیە دەڵێت مریشکیش ئاو دەخواتەوە سەری بەرز دەکاتەوە و شوکرانەی خوا دەکات؛ ئەم کەسانە بە سایەی جەهەپە بوونە ئەکتەری سیاسی و سەرۆکی شارەوانی، بۆیە ناکرێت دوای گەیشتن بەو پێگەیە، پشتی تێبکەیت."
لە کۆتاییدا، گیورسەل تەکین دووپاتیکردەوە کە جەهەپە لە دژی هەموو جۆرە نادادپەروەری و گەندەڵییەک دەوەستێتەوە و رێگە نادات دەسەڵات ئیرادە و متمانەی دەنگدەرانیان بێبایەخ بکات.


.jpg&w=3840&q=75)