رووداو دیجیتاڵ
دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی (ئاڤێستا)، کە 31 ساڵە دامەزراوە، بەهۆی گرنگیدان بە کولتووری کوردی، لەلایەن کۆمەڵەی وەشانخانەکانی ئەمریکاوە (AAP) خەڵات کرا.
رۆژی چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆمەڵەی وەشانخانەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دەزگای ئاڤێستا براوەی ئەمساڵی "خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازادیی بڵاوکردنەوە"یە، کە دەدرێت بە دەزگایەکی چاپەمەنیی دەرەوەی ئەمریکا لەپای "ئازایەتی و خۆڕاگری لە بەرگریکردن لە ئازادیی رادەربڕین".
ئاڤێستا لە ساڵی 2005ـیشدا هەمان خەڵاتی وەرگرتبوو.
ماریا ئەی. پالانتێ، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری AAP، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کۆمەڵەی وەشانخانەکانی ئەمریکا یەکەمجار زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر دانی بە بەخشینە نائاساییەکانی ئاڤێستادا نا و سەرەڕای هەڕەشە و گوشاری بەردەوام لەو کاتەوە، پابەندبوونیان بە بڵاوکردنەوە بەهێزتر بووە."
دەزگای ئاڤێستا لە ساڵی 1995 دامەزراوە و سەدان کتێبی بە زمانە جیاوازەکان بڵاوکردووەتەوە، کە زۆربەیان تایبەت بوون بە کورد. دەزگاکە رووبەڕووی گوشاری زۆر بووەتەوە، لە سووتاندنی کۆگاکانییەوە تاوەکو قەدەخەکردنی کتێبەکانی و سڕکردنی چالاکییەکانیان. لە ساڵی 2023 بە "بانگەشەکردن بۆ تیرۆر" تۆمەتبار کرا.
عەبدوڵڵا کەسکین، دامەزرێنەری ئاڤێستا، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "وەرگرتنی خەڵاتی ئازادیی بڵاوکردنەوەی AAP بۆ جاری دووەم، پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ ئەرکەکەمان لە هاندانی ئەدەب، توێژینەوە و کولتووری کوردی و رووناکییەکی گەش دەخاتە سەر رێگەی دوور و درێژمان لە داهاتوودا."

