رووداو دیجیتاڵ
فەرشێکی دەگمەنی ئاوریشمی کە نزیکەی 300 ساڵ پێش ئێستا بۆ کۆشکی سوڵتانەکانی عوسمانی چنراوە، وەکو پارچەیەکی مێژوویی کە بەبێ هیچ نۆژەنکردنەوەیەک وەک خۆی پارێزراوە، لە ناوچەی گەشتیاریی کەپادۆکیا لە پارێزگای نێڤشەهیر نمایش کرا.
ئەم فەرشە لە ساڵانی 1700 لە شاری بورسە بەتەواوی لە ئاوریشمی پاک چنراوە و قەبارەکەی نزیکەی 2 مەتر بە 1.5 مەترە، کە وەک یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکانی دەستڕەنگینیی ئاوریشمی سەردەمی عوسمانییەکان دادەنرێت.
ئایسەل سۆلاک، بەرپرسی فرۆشتنی فەرشەکە رایگەیاند، ئەم بەرهەمە تایبەت بۆ کۆشکی سوڵتان دروست کراوە و گوتی: "هەر گرێ و نەخشێک رەنگدانەوەی مێژوویەکە کە بۆ نزیکەی 3 سەدە دەگەڕێتەوە. ئەمە تەنیا فەرشێک نییە، بەڵکو شوێنەوارێکی مێژوویی زیندووە."
سۆلاک ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاوریشم سەرەتا بەهۆی بەهێزییەکەیەوە بۆ چارۆگەی کەشتییەکان بەکاردەهات پێش ئەوەی بۆ بەکارهێنانی بەرگ و فەرش بەکاربهێندرێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم فەرشە ئەوەیە کە هیچ کاتێک نۆژەن نەکراوەتەوە تاوەکو رەسەنایەتییەکەی بپارێزرێت.
پاراستنی ئەم جۆرە فەرشانە بەبێ نۆژەنکردنەوە لەبەر ئەوەیە کە دەستکاریکردنی گرێ و رەنگە سروشتییەکانیان بەهای مێژوویی و ماددیی فەرشەکە کەم دەکاتەوە.
پیشەسازی چنینی فەرش و بەرهەمهێنانی ئاوریشم لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا، بەتایبەتی لە شاری بورسە کە پایتەختی یەکەمی ئیمپراتۆریەتەکە بوو، گەشەکردنێکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی.
لە سەدەی 17 و 18دا، شاری بورسە بووە ناوەندێکی جیهانی بۆ بازرگانی و چنینی ئاوریشمی کوالێتی بەرز و کارگەکانی سەر بە کۆشکی سوڵتان رۆژانە خەریکی بەرهەمهێنانی فەرش و بەرماڵی تایبەت بوون بۆ سوڵتانەکان و میوانە بیانییەکان.




.webp&w=3840&q=75)