رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا، لە گوتاری دەستپێکی وەرزی نوێی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: "پێویستە تورکیا کاری لە پێشینەی هەموو پارتێکی سیاسیی وڵات بێت." بۆ قۆناخی داهاتووی پرۆسەی چارەسەریش گوتی، کاتێک هەنگاوی پێویست نرا، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان ئەوەی پێویستە دەیکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشداریی لە رێوڕەسمی یەکەم دانیشتنی پرۆتۆکۆڵی پێنجەمین وەرزی یاسادانانی 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا کرد و گوتارێکی پێشکەشی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان کرد.
سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و پەسندکردنی یاسای پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "وەک ئەوەی لە یاسای چوارچێوە دا هاتووە، پرۆسەیەکی بەدواداچوون هەیە. کاتێک هەنگاوی پێویست نرا، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان ئەوەی پێویستە دەیکەن."
هەروەها سەبارەت بە کاریگەریی پرۆسەی چارەسەری، ئەردۆغان رایگەیاند: "لە ئێستاوە کاریگەریی چاوسوورکردنەوەی لە سەر نەیارانی تورکیا دروست کردووە، هێزی زیاتری بەخشیوەتە توانای تورکیا و باهۆزێکی نوێی لە ناوچەکە دا هەڵکردووە."
ئەردۆغان جەختیشی لە سەر ئەوە کردەوە کە پێویستە سیاسەت لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تورکیا و لەو بابەتانەی پەیوەستن بە هەر تاکێکی گەلەکەمانەوە، لە سەر زەوینەی سازانی تەواو کۆببێتەوە.
لە گوتارەکەی دا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، پەرلەمان لە چوارەمین وەرزی یاسادانانی دا کە لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025 دەستیپێکرد و تاوەکو 10ـی ئابی 2026 بەردەوام بوو، قۆناخێکی کاری چڕوپڕی بەڕێکردووە کە تێی دا بڕیاری گرنگ دراوە. جەختیشی لە سەر ئەوە کردەوە لە ئەنجوومەنی گشتی و لە لیژنەکان دا دانوستاندن لە سەر یاسا چارەنووسسازەکان و پرسە هەستیارەکان کراوە کە ئاراستە بە داهاتووی وڵات، گەل و ناوچەکە دەبەخشن.
گوتیشی: "وەک سیاسەتڤانان، یەکەمین ئەرکمان ئەوەیە بە شێوەیەکی شایستە خزمەتی گەلە ئازیزەکەمان بکەین کە ئەمانەتەکەیمان هەڵگرتووە. بە خۆشمەوە هەموومان ئەرکدارین بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی گەل و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان و کردنەوەی رێگە و ئاسۆی وڵات. روون و ئاشکرایە پێویستە شکۆی پەرلەمانی تورکیا کە شوێنی بەرجەستەبوونی ئیرادەی نیشتمانییە، لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێین."
گوتیشی: "تێکچوونی هاوسەنگییەکانی تورکیا خزمەت بە سیاسەت ناکات، بەڵکو تەنیا و تەنیا خزمەت بە نەیارانی تورکیا دەکات."
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێشهاتە جیهانی و هەرێمییەکان، شێوازێکی نوێی سیاسەتیان پێویستە و رایگەیاند: "لە تورکیا دا سیاسەتی بەرەیی کە تەنیا لە سەر دژایەتیکردنی دەسەڵات دامەزرابێت، بەسەرچووە. چیدیکە تورکیا و گەلی تورک بەرگەی دۆڕان و لەدەستدان ناگرن؛ هیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نییە ببێتە هۆی دۆڕانی تورکیا و گەلی تورک."
راشیگەیاند: "یان بە شێوازی کۆنی سیاسەت کە جەمسەرگیری دەکاتە چەق بەردەوام دەبین لە سەر رێگاکەمان، یان سیاسەتێکی نوێ بۆ تورکیا فەراهەم دەکەین کە گەیشتن بە کەمترین خاڵی هاوبەش دەکاتە بنەما. پێویستە تورکیا کاری لە پێشینەی هەموو پارتێکی سیاسیی وڵات بێت. پێویستە بە وەرگرتنی هێز لە دینامیکە ناوخۆییەکانی تورکیاوە، سیاسەتێک پەیڕەو بکەن کە تورکیا چەقەکەی بێت."
لەبارەی دەستووری نوێ، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "ئامانجی دەستووری نوێ و مەدەنیی خەباتە بۆ سەلماندنی پێگەیشتوویی دیموکراسیی تورکیا. پەرلەمانمان لە هەموو سەردەم و بارودۆخێک دا شایستەیە و دەسەڵاتی هەیە دەستوور دابنێت."



