رووداو دیجیتاڵ
شەمەندەفەری بەناوبانگی "ئۆریێنت ئێکسپرێس" کە ئیلهامبەخشی رۆمانی تاوانکاریی ناسراوی "کوشتن لە شەمەندەفەری ئۆریێنت ئێکسپرێس"ـی ئەگاسا کریستی بووە، لە گەشتە مێژوویییەکەیدا لە پاریسەوە گەیشتە وێستگەی باکرکۆی لە ئیستەنبووڵ.
شەمەندەفەری (ڤینیس سیمپلۆن ئۆریێنت ئێکسپرێس) رۆژی 25ی ئەیلوول لە پاریسی پایتەختی فەرەنساوە وەڕێکەوتبوو؛ دوای بڕینی وڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا، هەنگاریا، رۆمانیا و بولگاریا و وەستان لە شارەکانی بوداپێست، بوخارێست و ڤارنا، ئێوارەی دوێنێ لە رێگەی دەروازەی سنووریی کاپیکولەوە بە زیاتر لە 70 سەرنشینەوە گەیشتە تورکیا و لە وێستگەی باکرکۆی بە رێوڕەسم پێشوازی لێکرا.
"بەبێ ئیستەنبووڵ جادووی ئەم گەشتە نامێنێت"
فرانچێسکۆ بۆنۆتۆ، بەڕێوەبەری شەمەندەفەرەکە لەبارەی گەشتەکەوە گوتی: "هەر جارێک دێینە ئیستەنبووڵ، گەشتەکە دەبێتە ئەزموونێکی زۆر تایبەت. سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ ئەمە دووەمجارمانە دێین، بەڵام هەموو گەشتێک جیاوازە. بە بڕوای من و سەرنشینەکانیش، ئەگەر ئیستەنبووڵ نەبێت، نائاساییبوون و جادووی ئەم گەشتە مێژووییە نامێنێت."
بڕیارە شەمەندەفەرەکە رۆژی 2ی تشرینی یەکەم کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ وێستگەی باکرکۆی بەجێبهێڵێت و هەر هەمان رۆژ کاژێر 22:05 بە دەروازەی کاپیکولدا لە تورکیاوە بگەڕێتەوە بەرەو ئەورووپا.
شەمەندەفەری "ئۆریێنت ئێکسپرێس" لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1883 لەسەر دەستی بازرگانی بەلجیکی جۆرجس ناگێلماکەرز یەکەم گەشتی دەستپێکردووە و یەکێکە لە ئەفسانەییترین هێڵەکانی شەمەندەفەر لە جیهاندا.
ئەم شەمەندەفەرە بە درێژایی دەیان ساڵ میوانداریی پاشا، سەرکردە و کەسایەتییە ناودارەکانی جیهانی کردووە و لە چەندین فیلم و شاکاری ئەدەبیدا رەنگیداوەتەوە؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە رۆمانی "کوشتن لە شەمەندەفەری ئۆریێنت ئێکسپرێس"ی نووسەری بەریتانی ئەگاسا کریستی، کە تێیدا لەسەر هێڵی ئەم گەشتە رووداوە ئاڵۆزەکانی چیرۆکەکەی دەهۆنێتەوە.



