هالوک لێڤێنت، هونەرمەندی ناسراوی تورکیا و سەرۆکی کۆمەڵەی ئەحباب، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە دەستگیرکرا.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لەبارەی کۆمەڵەی ئەحباب کە چەند تۆمەتێکی لەسەرە، هالوک لێڤێنت، سەرۆکی کۆمەڵەکە دەستگیرکرا.
لێڤێنت بە تۆمەتەکانی (سەرپێچیکردنی یاسای کۆمەڵەکان، سپیکردنەوەی پارەی بە نایاسایی بەدەستهاتوو و ئەندامبوون لە رێکخراوی رێپێنەدراو) دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستیپێکردووە.
لێڤێنت لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، لە پارێزگای بورسەی تورکیا دەستگیرکرا. دواتر بۆ تەواوکردنی رێکارەکان گواسترایەوە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش.
هالوک لێڤێنت پێشتر رایگەیاندبوو، بەهۆی دۆسیەی چەکی بێبەرامبەر، کێشەی تەندروستی و ئەو مشتومڕانەی لەسەر کۆمەڵەکە دروستبوون، دەست لە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمەڵەکە دەکێشێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو، دوای تەواوبوونی پرۆسەی وردبینیی ئەم ساڵ و کۆتاییهاتنی پڕۆژە بەردەوامەکان، ئەرکەکەی رادەست دەکات.
هالوک لێڤێنت، لە دوای بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتی 2023ی مەڕەش، لە رێی کۆمەڵەی ئەحباب کە خۆی دامەزرێنەری بوو، یەکێک لە چالاکترین رێکخراوەکانی فریاگوزاریی مەدەنیی بەڕێوەبرد.
ئەوکاتە ناوی هالوک لێڤێنت لە تورکیا و باکووری کوردستاندا بڵاوبووەوە و خەڵک لەڕێی کۆمەڵەی ئەوەوە هاوکاری و کۆمەکیان بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە دەنارد.
لە کاژێرەکانی سەرەتای بوومەلەرزەکەوە، خۆبەخشانی ئەحباب و تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. خواردن، ئاو، بەتانی، چادر، مۆلیدە، ئامێری گەرمکەرەوە و کەلوپەلی پاککەرەوە رەوانەی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان کران.
پڕۆژە درێژخایەنەکانی وەک نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان، بەشەناوخۆییەکانی قوتابیان، ناوەندەکانی راهێنان و خانەی بەساڵاچووان راگەیێندران.
هالوک لێڤێنت چەندین جار دڵنیایی دەدا لەوەی وردەکاریی خەرجکردنی هاوکارییەکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە و لەلایەن دامەزراوەی وردبینیی سەربەخۆوە چاودێری دەکرێن.
تەنانەت کۆمەڵەی ئەحباب لە گوتارەکانی ناو پەرلەمانی تورکیاشداوەکو نموونەیەکی باش و خێرخواز لە ناوچەی بوومەلەرزە باسکرا.


.webp&w=3840&q=75)
