لە شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، لەم مانگی تەممووزەدا لە ناوچە بەرزەکاندا راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگەکان بەردەوامن. تیمەکانی سەر بە شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای جۆلەمێرگ، کارەکانیان بۆ کردنەوەی ئەو رێگەیانە بەردەوامە کە بەفر دایخستوون. لە هەندێک شوێنی گەڤەر و بەتایبەتیش بەرزاییەکاندا، بەهۆی بارینی بەفری زۆر، ئێستا بەرزیی ئەو بەفرەی کەڵەکە بووە، هەشت مەتری تێپەڕاندووە. ئەمە وایکردووە راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگەکان یەکجار سەخت بێت و تیمەکان بە زەحمەت پێشڕەوی بکەن. لەو شوێنانەی کە شۆفڵەکان ناتوانن بەفرەکە لابدەن، ئامێری دیکە بەکاردەهێنرێت؛ لە کاتی کارکردندا ئامێرەکان لەنێو بەفرە کەڵەکەبووەکەدا ون دەبن. سەرەڕای مەترسیی هەرەسی بەفر، تیمەکان شەو و رۆژ کار دەکەن؛ ئەو رێگەیانەی کراونەتەوە، بەهۆی بەرزیی دیوارە بەفرینەکان کە چەندین مەترن، لە تونێل دەچن. تیمەکان دەڵێن، بۆ ئەوەی دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان لە هاتووچۆدا تووشی گرفت نەبن، بێ وچان کاردەکەن. بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ئەم ساڵ بەفری زۆر زیاتر لە جۆلەمێرگ، بەتایبەتیش شارۆچکەکانی گەڤەر، شەمزینان و بەرزاییەکانی جیلۆ باری.
تورکیا11-07-2026گەریلایەکی پەکەکە: ئەگەر هەنگاوی یاسایی بنرایە، ئێستا لە ئامەد و ئەنقەرە خەریکی سیاسەت دەبووین