رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی لە ئامەد رایگەیاند، پەکەکە رازی بووە چیاکان چۆڵ بکات و چەکەکانی بسووتێنێت. ئاشکراشی دەکات کە پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ پرۆسەی ئاشتی ئامادەکراوە و "تاوەکو پاییز مەسەلەی کورد کۆتایی دێت."
رۆژی دووشەممە، 29-06-2026، محەممەد سەعید یاز، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە ئامەد، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی باکووری کوردستانی (تۆڕی میدیایی رووداو) کە هێڤیدار زانا پێشکێشی دەکات، وردەکاریی نوێی لەبارەی پڕۆژەیاسای چارەسەری لە تورکیا خستەڕوو.
"پەکەکە چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت دەکات"
محەممەد سەعید یاز ئاماژەی بەوە کرد، ئاکپارتی لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا ریفۆرمی گەورەی بۆ مافەکانی کورد کردووە و ئێستا قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردووە. گوتیشی، "پەکەکە بڕیاری داوە چەکەکانی دابنێت و بسووتێنێت؛ ئەوان گوتوویانە لە ئەشکەوتەکان دێینە دەرەوە و چەک رادەستی دەوڵەت دەکەین."
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی پێشبینی دەکات لە ماوەی مانگێکدا و پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە، پڕۆژەیاسای چارەسەری بگاتە پەرلەمان.
سەبارەت بە نێوەڕۆکی یاساکە، محەممەد سەعید یاز گوتی، "پڕۆژەکە لە 16 بۆ 17 مادە پێکهاتووە. مادەکانی شەشەم و حەوتەم زۆر گرنگن، چونکە بە ڕوونی باس لە مافەکانی زمانی کوردی و خوێندن بە زمانی دایک دەکەن." دەشڵێت، هەرچی رێگری یاسایی لەبەردەم مافە سرووشتییەکانی کورددا هەبێت، لەم پڕۆژەیاسایەدا لادەبرێن.
پەرلەمانتارەکەی ئامەد ئاشکرای کرد کە مامەڵە لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە بە سێ جۆر دەبێت، ئەوانەی تەنیا چەکیان هەڵگرتووە و بەشداریی شەڕیان نەکردووە، کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت و دەگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە. ئەوانەی بەشداریی شەڕیان کردووە، بەپێی یاسای سزا و تاوان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
سەبارەت بە سەرکردەکانی پەکەکەش دەڵێت، یان لە چیاکان دێنە خوارەوە و خۆیان رادەستی یاسا دەکەن، یانیش دەچنە وڵاتێکی ئەورووپی یان وڵاتی سێیەم؛ گوتیشی، "مانەوە لە قەندیل و کەمپەکان مەحاڵە و پەکەکە خۆشی بەمە ڕازی بووە."
کۆدەنگیی پارتە سیاسییەکان
لەبارەی هەڵوێستی پارتەکانی دیکەی تورکیا، محەممەد سەعید یاز گوتی: "پارتەکانی ئاکپارتی، جەهەپە و مەهەپە پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە دەکەن، تەنیا (ئیی پارتی) دژایەتی دەکات. ئەم کۆدەنگییە هیوایەکی گەورەمان پێدەبەخشێت کە تاوەکو پاییز پرۆسەکە بە ئاشتی و برایەتی کۆتایی بێت."
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی جەختی کردەوە کە ئامانجیان چارەسەری "پرسی کورد" و دابینکردنی مافە مرۆیی و ئیسلامییەکانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی تورکیا بە یەکسانی.



