رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە میکانیزمە نوێیەکانی پرۆسەی چارەسەریدا روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیێنێت، لە لیژنەی لاوەکیی چەکدانان و هاوئاهەنگیی ستراتیژیدا ئەرک بە ئۆجەلان دەسپێردرێت.
رۆژی پێنجشەممە، محەممەد ئوچوم رایگەیاند، لە چوارچێوەی دەستەی هاوئاهەنگیی پشتیوانی و یەکگرتوویی نیشتمانیدا، چوار لیژنەی لاوەکی پێکهێنراون و لە لیژنەی چەکدانان و هاوئاهەنگیی ستراتیژیدا، ئەرک بە ئۆجەلان دەسپێردرێت.
ئوچوم جەختی لەوەش کردەوە، ئەم ئەرکپێدانە بەمانای گۆڕانکاری لە دۆخی یاسایی ئۆجەلان یان ئازادکردنی نایەت و گوتیشی: "ئەو شوێنی کارەی لە ئیمراڵی بۆی دابینکراوە، یەکەیەکە سەر بە زیندان و ئامانج لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئۆجەلان، تەواوکردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەیە."
سەبارەت بە هۆکاری دانوستاندن لەگەڵ ئۆجەلان لە پرۆسەکەدا، ئوچوم ئەوەی خستەڕوو کە بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت و پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە بگاتە ئەنجام، پێویستە ئەرکی پێبسپێردرێت، و گوتی: "ئەو هەلومەرجەی بۆی دابینکراوە، نابێت وەک ئیمتیاز سەیر بکرێت، بەڵکو دابینکردنی کەشێکی گونجاوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکە."
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری تورکیا بەرگریی لەوە کرد کە لەرووی یاساییەوە دەکرێت لەگەڵ حوکمدراوێکدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوێک گفتوگۆ بکرێت و لە پرۆسە نائاساییەکاندا دەکرێت رێکاری نائاسایی بگیرێتەبەر.
پێشتر لە هەواڵێکدا کە پشتی بە سەرچاوەکانی ئاکپارتی بەستبوو، بڵاوکرابووەوە کە هیچ پلانێک نییە بۆ پێدانی ئەندامێتیی فەرمی لە لیژنەکەدا یان پێدانی هیچ پۆستێک بە ئۆجەلان، بەڵام لەکاتی پێویستدا دەتوانێت بەشداری لە کارەکانی لیژنەی لاوەکیی چەکدانان و هاوئاهەنگیی ستراتیژیدا بکات.
بەڵام دوایین لێدوانی ئوچوم، ئاماژەیە بۆ پێدانی رۆڵێکی راستەوخۆتر بە ئۆجەلان لە لیژنەکەدا.
ئوچوم وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی سوودوەرگرتن یان وەرنەگرتنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە رێکخستنە یاساییە نوێیەکان دایەوە کە لە تشرینی دووەمی 2016ـەوە زیندانییە.
ئوچوم گوتی: "هیچ رێگرییەکی یاسایی لەبەردەم پێشکەشکردنی داواکارییەکەیدا نییە، بەڵام داواکارییەکە راستەوخۆ نابێتە هۆی ئازادکردنی و پێویستە لەلایەن دادگەی پەیوەندیدارەوە هەڵبسەنگێندرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەڵسەنگاندنەکەدا سەیری ئەوە دەکرێت کە ئایا دۆسیەی دەمیرتاش لەرووی کەس، رێکخراو و تۆمەتەکانەوە دەکەوێتە چوارچێوەی یاساکەوە یان نا، دواتریش بڕیار لەلایەن دادگەی پەیوەندیدارەوە دەدرێت.



