رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026، بە بڕیارێکی نوێ نرخی سووتەمەنی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش ناڕەزایەتیی بەرفراوانی جووتیاران و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی لێکەوتەوە.
بەپێی بڕیارەکە، نرخی هەر لیترێک بەنزین و گازۆیل (دیزڵ) 4 لیرە و 81 قورووش بەرزکرایەوە؛ بەمەش نرخی یەک لیتر بەنزین لە نێوان 80 بۆ 83 لیرە (نزیکەی 1.65 بۆ 1.70 دۆلار) و نرخی هەر لیترێک گازۆیل بۆ 100 تاوەکو 103 لیرە (نزیکەی 2 بۆ 2.11 دۆلار) جێگیر بوو. جیاوازیی نرخەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە، پەیوەستە بە تێچووی گواستنەوە و کۆگاکردنی سووتەمەنی.
جووتیاران: بەرهەمی کشتوکاڵی کەمدەبێتەوە
ئەم بەرزبوونەوەیە دەستبەجێ کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە، بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵدا. لە پارێزگای عوسمانییە، ژمارەیەک لە جووتیاران هۆشدارییان دا کە بەردەوامیی گرانبوونی گازۆیل ناچاریان دەکات دەستبەرداری بەکارهێنانی تراکتۆر و ئامێرە کشتوکاڵییەکان ببن، ئەمەش راستەوخۆ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی خۆراک لە وڵاتدا.
ئۆپۆزسیۆن: باجی سەر سووتەمەنی هەڵبوەشێننەوە
لە کاردانەوەی سیاسیشدا، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ، بە تووندی رەخنەی لە سیاسەتە داراییەکانی دەسەڵات گرت و رایگەیاند، لە کۆی نرخی هەر لیترێک سووتەمەنی کە بە 100 لیرەیە، 20 لیرەی باجە؛ بۆیە داوای لێخۆشبوونی باجی لەسەر سووتەمەنی کرد بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان و کاسبکاران.
لە تورکیا، نرخی سووتەمەنی راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان و بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا نرخی بەنزین بە رێژەی 53.7٪ و گازۆیل بە رێژەی 81٪ بەرزبووەتەوە.



