رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی نوێ (یەنی پارتی)، رەخنەی لە حکومەت گرت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی گازوایل و سووتەمەنی و دوایین پێشهاتەکانی بۆرسەی ئیستەنبووڵ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، عەلی ماهیر بەشاریر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی نوێ (یەنی پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رووی دەمی لە محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی کرد و گوتی: "سەرەتا وەڵامی ئەمە بدەنەوە." و رایگەیاند، بەهۆی دوایین بەرزبوونەوەی نرخەکەی، بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆماریدا نرخی لیترێک گازوایل 100 لیرە (2700 دینار)ی تێپەڕاند و سەرنجی خستە سەر دابەزینی توانای کڕین لە تورکیا.
بەشاریر گوتی: "لە ساڵی 2009 گەورەترین دراومان 100 لیرە بوو. بەمە دەمانتوانی 41 لیتر گازوایل بکڕین. ئەمڕۆ گەورەترین دراومان 200 لیرەیە، بەڵام ناتوانین 2 لیتر بکڕین. بەڕێز شیمشەک، تۆ باسی چی دەکەیت؟ سەرەتا وەڵامی ئەمە بدەنەوە."
ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی لەوەش گرت کە وەزیری گەنجینە و دارایی هۆکاری بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی بۆ جەنگی ناوچەکە گەڕاندووەتەوە و رایگەیاند، تورکیا بەهۆی جەنگەوە زیانی بەرکەوتووە، بەڵام بەراورد لەگەڵ هەندێک وڵاتی دیکە کە جەنگ کاری تێکردوون، رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا بەرزترە. "ئەرکی تۆ دۆزینەوەی بیانوو نییە، بەڵکو دۆزینەوەی چارەسەرە. بەتایبەتی لە کاتە نائاسایی و سەختەکاندا، ئەرکتە باڵ بەسەر ئەم گەلەدا بکێشیت."
بەشاریر هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی بۆرسەی ئیستەنبووڵیش کرد. مایەپووچبوونی سندووقی دوو کۆمپانیای بەڕێوەبردنی سامانی وەبەرهێنەرە بچووکەکان، دواکەوتنی پارەدان و داخستنی بۆرسەی بە "مایەی نیگەرانی" وەسف کرد و سەرنجی خستە سەر ئەو پرسیارانەی لەبارەی دۆخی وەبەرهێنەرە بچووكەکانەوە دروستبوون.
ئاماژەی بە دابەزین و دەستوەردانەکان لە بۆرسەدا کرد و گوتی: "دوێنێ شتێک وەک بۆمب بەنێو رای گشتیدا تەقییەوە. لە سندووقەکانی دوو کۆمپانیای بەڕێوەبردنی سامانەکان مایەپووچبوون روویدا، پارەدان دواکەوت و بۆڕسە داخرا. تاوەکو ئێستا نزیکەی 10% دابەزین هەیە و دەستوەردان دەکرێت."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی نوێ، داوای روونکردنەوەی لەبارەی کاریگەریی پێشهاتەکان لەسەر وەبەرهێنەرە بچووكەکان کرد و گوتی: "ئێستا دەپرسم، چارەنووسی وەبەرهێنەری بچووک چۆن دەبێت؟ زیانەکانی تاوەکو ئێستا چییان بەسەردێت؟ فەرموو بڵێ، تێچووی ئەم پرۆسە و جموجۆڵانە بۆ سەر خەڵک چەندە؟ ئێمەی 86 ملیۆن کەس چی دەدەین و بۆچی دەیدەین؟ بۆچی لە کاتی خۆیدا دەستوەردانتان نەکرد؟"



