رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، پێویستە تێگەیشتنی ئاسایش بۆ هاوپەیمانیی ناتۆ سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە و دەڵێت، "پێویستە تۆڕێکی ئاسایش و بەرگریی بێ مەرج لە تەکساسەوە تاوەکو ئەنقەرە بونیاد بنێین."
رۆژی دووشەممە 29-06-2026 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا لە "لووتکەی پەرلەمانتارانی ناتۆ" کە لە کۆشکی دۆڵمەباخچە لە ئەستەنبووڵ بەڕێوەچوو، پێشوازی لە پەرلەمانتارانی وڵاتانی هاوپەیمان کرد و رایگەیاند، ئەم کۆبوونەوەیە ئامادەکاری و نیشانەیەکی گرنگی هاوپشتییە پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی گەورەی ناتۆ کە بڕیارە لە 7 و 8ی تەممووزی ئەمساڵ لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، چەمکە کۆنەکانی پێناسەکردنی سیستەمی جیهانی و سیاسی تاوەکو ئاستێکی زۆر بەهای خۆیان لەدەستداوە. لەبارەی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە گوتی: "ئەو کۆمەڵکوژییانەی لەم دواییانەدا لە غەززە و لوبنان بینیمان، برینی قووڵی لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا دروستکردووە؛ هاوکات ناوبانگی دامەزراوە و تیۆرییە نێودەوڵەتییەکانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە."
ئەردۆغان جەختی لە پێگەی ستراتیژیی تورکیا کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی خاوەنی زیاتر لە 1800 کیلۆمەتر سنووری وشکانییە لەگەڵ ئەو ناوچانەی قەیرانیان تێدایە، هەروەها تورکیا بۆ ماوەی زیاتر لە 70 ساڵە لە پێشەنگی ئەو هاوپەیمانانەدایە کە پارێزگاری لە ئاسایشی ناتۆ دەکەن.
سەرۆککۆماری تورکیا داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی بارگرانییەکان و لادانی گەمارۆکانی سەر بازرگانیی پیشەسازیی بەرگریی نێوان هاوپەیمانانی کرد و گوتی، "پێویستە تۆڕێکی ئاسایش و بەرگریی بێ مەرج لە تەکساسەوە تاوەکو ئەنقەرە بونیاد بنێین." هەروەها داوای لە پەرلەمانتارانی ناتۆ کرد پشتگیریی تورکیا بکەن بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە دەستپێشخەرییەکانی بەرگری و ئەمنیی یەکێتیی ئەورووپا.
لەبارەی پێشهاتە هەرێمییەکانەوە، ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران و رایگەیاند، تورکیا لەگەڵ پاکستان، قەتەر و وڵاتانی دۆست بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانیان بۆ گۆڕینی ئەم ئاگربەستە بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی.
سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆتایی گوتارەکەیدا ئاماژەی بە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا کرد و رایگەیاند، تورکیا وەک هاوپەیمانێک کە متمانەی هەردوولای بەدەستهێناوە، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنانی شەڕەکە لە رێگەی دیالۆگەوە.
لووتکەی پەرلەمانتارانی ناتۆ لە کاتێکدایە، تورکیا ئامادەکاری تەواو دەکات بۆ میوانداریکردنی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە تەممووزی داهاتوودا لە ئەنقەرە، کە چاوەڕوان دەکرێت پرسی ئاسایشی جیهانی و ئایندەی هاوپەیمانێتییەکە تەوەری سەرەکی بن.




