رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) دژی تۆڕێکی "ساختەکاری نێودەوڵەتیی نایاسایی فۆرێکس"، 174 گومانلێکراو دەستگیرکران. وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، دەست بەسەر سامانێکدا گیراوە کە بەهاکەی نزیکەی 31 ملیۆن دۆلارە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا کە بە سەرپەرشتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ و دەزگای هەواڵگریی میت، بە بەشداریی رێکخراوی نێودەوڵەتیی پۆلیسی تاوان (ئینتەرپۆل) بەڕێوەچوون، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات بۆ سەر 40 ناوەندی پەیوەندی و نووسینگەی دارایی کراوە کە سەر بە 25 کۆمپانیان.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم تۆڕە ساختەکارییە لە رێگەی ریکلامی وەبەرهێنان لە فۆڕێکس و کریپتۆوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت، هاووڵاتییانی بیانییان بە بەڵێنی قازانجی زۆر هەڵخەڵەتاندووە.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "لە ئەنجامی شیکارییەکانی دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە دارایییەکان، بەڵگەکانی میت و یەکە ئەمنییەکانمان، دەرکەوتووە کە زۆرینەی خاوەن و سوودمەندە سەرەکییەکانی ئەم کۆمپانیایانە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و تۆڕێکی رێکخراوی ساختەکاری کە چەندین وڵاتی کردبووە ئامانج، ئاشکرا کرا."
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، تۆڕەکە لە رێگەی نوێنەری خزمەتگوزارییەوە کە بە چەندین زمانی جیاواز قسەیان کردووە، قوربانییەکانیان راکێشاوە و لەسەر پلاتفۆرمی وەبەرهێنان وێنەی قازانجی ناڕاستەقینەیان بۆ دروستکردوون تاوەکو بە پارەی زیاتر وەبەرهێنان بکەن. کاتێکیش قوربانییەکان ویستوویانە پارەکانیان بکێشنەوە، بە بیانووی (بلۆککردنی هەژمار) و (باج) داوای پارەی زیاتریان لێکردوون.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو پارانەی لەو مامەڵەیەدا بەدەستهاتوون، گوازراونەتەوە بۆ هەژماری بانکی و جزدانی کریپتۆ لە دەرەوەی تورکیا. قەبارەی مامەڵە داراییەکانی ئەم تۆڕە لە ماوەی دوو ساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی 13 ملیار لیرەی تورکی، کە دەکاتە نزیکەی 268 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەست بەسەر 1.5 ملیار لیرە سامانی نایاسایی (نزیکەی 31 ملیۆن دۆلار)، 80 ئۆتۆمبێل و 12 موڵکدا گیراوە و هەژماری بانکی و کریپتۆی گومانلێکراوان بلۆک کراون.
لە ماوەکانی رابردوودا، چەندین تۆڕی ساختەکاری هاوشێوە لە تورکیا ئاشکرا کراون کە بە بەکارهێنانی سیستمی دارایی و تەکنەلۆژیا پارەی خەڵکیان بردووە.
ئامانجی سەرەکیی تورکیا لەم هەنگاوانە رێگریکردنە لە سپیکردنەوەی پارە و پاراستنی سەقامگیریی سیستەمی داراییە.


