رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای دابەزینی قەبارەی بەرهەمهێنانی ساڵانە لەم ساڵانەی دواییدا، تورکیا توانیویەتی پێگەی خۆی لەنێو 30 وڵاتە هەرە لەپێشەنگەکەی جیهان لە بەرهەمهێنانی زێڕدا بپارێزێ.
بەپێی راپۆرتی ئەنجوومەنی جیهانیی زێر، لە ساڵی 2025دا 3 هەزار 672 زێر لەلایەن وڵاتانەوە بەرهەمهێندراوە و تورکیا پشکی بەرهەمهێنانی 28.1 تۆن بووە. بەم جۆرەش تورکیا لە 30 وڵاتی بەرهەمهێنانی زێردا لە پلەی 29ـەمیندا بووە.
بەپێی داتای کۆمەڵەی کانزای زێڕی تورکیا، لە ساڵانی 2001 بۆ 2025 لە تورکیا 550 تۆن زێر بەرهەم هێندراوە. ساڵی 2020 تورکیا لە بەرهەمهێنانی زێڕدا ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە بە بەرهەمهێنانی 42 تۆن زێر. بەڵام دوای 2020، ئاستی بەرهەمهێنانی زێر لە تورکیا بەرەو دابەزین رۆیشتووە و لە ساڵی 2024دا 32.2 تۆن زێر بەرهەم هێندراوە. بەڵام ئەم ژمارەیە بۆ ساڵ 2025 بە نزیکە 4 تۆن کەمی کردووە.
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی زێڕی تورکیا، بەرهەمهێنانی زێر لە 6 ساڵی رابردوودا بەم جۆرە بووە:
• 2020 – 42 تۆن
• 2021 – 39.5 تۆن
• 2022 – 31.5 تۆن
• 2023 - 36.5 تۆن
• 2024 – 32.2 تۆن
• 2025 – 28.3 تۆن
پیشەسازیی زێڕ لە تورکیا نەک تەنیا لە رووی بەرهەمهێنانەوە، بەڵکو لە رووی کولتووری و بازرگانیشەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی نەریتی زێڕ وەک ئامرازێکی سەرەکیی پاشەکەوت و پاراستنی بەهای سامانی خۆیان لە بەرانبەر هەڵاوسان بەکاردەهێنن، ئەمەش وایکردووە بازاڕی ناوخۆیی و کانەکانی زێڕ لە وڵاتەکەدا هەمیشە بە چالاکی بمێننەوە.
بانکی QNB لە تورکیا لەدوایین لێکۆڵینەوەی مەیدانیدا، کە لە کۆتایی ساڵی 2025دا ئەنجامدراوە، بەدوای تێکرای قەبارەی زێر لە تورکیا گەڕاوە. بەپێی ئەنجامی ڵیکۆڵینەوەکە، دەرکەوتووە تێکڕای ئەو زێرەی لە تورکیا هەیە 4 هەزار 210 تۆنە. لەو بڕە 3 هەزار 917 تۆنی ئەو زێرە لەدەستی خەڵکدایە. لەدوای خەڵک، یەدەگی زێڕی بانکی ناوەندی تورکیا، ئەو زێرەی لە بانکەکانی تورکیا هەڵگیراوە، پاشان وەزارەتی دارایی و گەنجینەی تورکیا دێت.
بانکی ناوەندی تورکیا خاوەن 535 تۆن زێڕی یەدەگە. بەم جۆرە تورکیا لە 15 وڵاتی یەکەم دێت کە خاوەنی زۆترین زێری یەدەگە لە بانکی ناوەندی.
بەپێی ئاماری فەرمی لە وەزارەتی دارایی و گەنجینەی وڵاتەکە، لە تورکیا 20 کانی گەورە بەرهەمهێنانی زێڕ هەن کە لە 14 پارێزگای ئەو وڵاتەن. جگە لەوەش 9 پاڵاوگەی زێڕ هەیە.
تورکیا لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا پەرەپێدانێکی گەورەی بە کەرتی دەرهێنانی کانزاکان بە تایبەت زێڕ داوە، بە جۆرێک لە ساڵانی رابردوودا ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی گەیشتبووە لووتکە. بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی کارکردن، گۆڕانکاریی لە رێساکانی ژینگەپارێزی و کەمیی وەبەرهێنانی نوێ و کۆچی بەشێک لە سەرمایەی وەبەرهێنەران بۆ دەرەوەی وڵات لەم قۆناخەدا، رووبەڕووی دابزینی ئاستی بەرهەمهێنان بووەتەوە.
سەرەڕای ئەم دابەزینەش، بەهۆی بوونی یەدەگێکی باش و بەردەوامیی کارکردن لە چەندین کانی گەورەی وڵاتەکەدا، تورکیا هێشتا وەک هێزێکی سەرەکیی بەرهەمهێنانی ئەم کانزا بەهادارە لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان ماوەتەوە. ئەمەش وەک نیشانەیەکی ئەرێنی لەلایەن بەرپرسانی کەرتی کانزاکاریی تورکیاوە سەیر دەکرێت بۆ توانای بووژانەوەی دووبارەی ئەم کەرتە ستراتیژییە لە داهاتوودا.



.jpg&w=3840&q=75)