رووداو دیجیتاڵ وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، 3 ملیۆن و 632 هەزار و 64 بیانی بە شێوەیەکی یاسایی لە وڵاتەکەیدا دەژین، کە 2 ملیۆن و 264 هەزار و 983ـیان سووریایین و لەژێر پاراستنی کاتیدان. ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی حوزەیرانی 2026، مستەفا چیفتچی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "لە وڵاتەکەماندا 3 ملیۆن و 632 هەزار و 64 بیانی مافی مانەوەی یاساییان هەیە. لەم ژمارەیە 2 ملیۆن و 264 هەزار و 983 کەسیان سووریایین و لەژێر پاراستنی کاتیدان. لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2026یش، ملیۆنێک و 425 هەزار کەس ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان." وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی و قاچاخچێتیی کۆچبەران لە سنوورەکان، شارەکان و لە دەریاکاندا و گوتی: "بۆ پاراستنی سنوورەکانمان تاوەکو ئێستا دیواری ئەمنیمان بە درێژایی 1329 کیلۆمەتر تەواو کردووە و کارکردن لە 110 کیلۆمەتری دیکەش بەردەوامە." سەبارەت بە پاراستنی سنوورە وشکانیی و دەریاییەکان گوتی: "لە رێگەی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، گەرمبین، تاوەری چاودێری، ئۆتۆمبێلی چاودێری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، شەو و رۆژ سنوورەکانمان دەپارێزین. هەروەها فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانمان بە 323 کەشتی و 23 فڕۆکە، ئاسایشی کەناراو و سنوورەکانمان بە درێژایی 4 هەزار و 500 کیلۆمەتر دەپارێزێت." ئاماری پەنابردنی کۆچبەری سووریایی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە 2011ـەوە تاوەکو حوزەیرانی 2026: ساڵی 2011 سفر ساڵی 2012 14.237 ساڵی 2013 224.655 ساڵی 2014 1.519.286 ساڵی 2015 2.503.549 ساڵی 2016 2.834.441 ساڵی 2017 3.462.786 ساڵی 2018 3.623.192 ساڵی 2019 3.576.370 ساڵی 2020 3.641.370 ساڵی 2021 3.737.369 ساڵی 2022 3.652.813 ساڵی 2023 3.206.696 ساڵی 2024 2.901.478 ساڵی 2025 2.347.756 حوزەیرانی 2026 2.264.983
تورکیا25-06-2026راپرسییەک لە تورکیا و باکووری کوردستان: ئومێد بۆ ئاشتی هەیە و متمانە بە ئیرادەی سیاسی نییە