رووداو دیجیتاڵ
لە فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان و جگەری ئامەد، کە لە 16 تاوەکو 20ی ئەیلوول لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت، خواردنە تۆمارکراوەکانی ئامەد، بە خۆڕایی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێن.
کۆمەڵەی گوندەکانی چەرمیک و چنگووش لە ناوچەی ئەسەنلەری ئیستەنبووڵ، بۆ ناساندنی خوانە خۆماڵییەکانی ئامەد و قەزاکانی چەرمیک و چنگووش، فێستیڤاڵێک ساز دەکات. لە فێستیڤاڵەکەدا یەک تۆن بیبەری تۆمارکراوی چەرمیک و یەک تۆن دۆشاوی تەماتەی چنگووش بەخۆڕایی دابەش دەکرێن.
هەروەها هونەرمەند عەبدولڕەحمان ئۆنول و چەند هونەرمەندێکی دیکەی ئامەد، کۆنسێرتی بێبەرامبەر و کراوە بۆ خەڵک ساز دەکەن. بەشداربووان دەتوانن تامی جگەر و کەبابی ئامەد بکەن و بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیکەی شارەکە ببینن.
هیدایەت دەنیز، گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاریی فێستیڤاڵەکە رایگەیاند، "هەموو ئەو هاووڵاتییانە بانگهێشت دەکەین کە دەیانەوێت تامی چێشتەکانی ئامەد بکەن و سەردانی فێستیڤاڵەکەمان بکەن کە لە باخچەی گەلـی 15ی تەممووز لە ئەسەنلەر بەڕێوەدەچێت."


