رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوت.
رۆژی یەکشەممە، دەم پارتی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و ئۆزگور فایق ئەرۆل، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتن."
ئەمە یەکەم سەردانی شاندەکەی دەم پارتییە بۆ ئیمراڵی لە دوای دەرچوونی یاسای ژمارە 7595 - یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتیمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی- تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە10ی ئابی 2026 لە پەرلەمانی تورکیا.
لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، یەکەم سەردانی ئەو شاندەی دەم پارتی لە 28ـی کانووی یەکەمی 2024 بوو.
ئەو شاندە تا ئێستا زیاتر لە 10 جار سەردانی ئیمراڵی کردووە و دوایین سەردانیان لە 2ـی ئابی 2026 بوو.
چاوەڕوان دەکرێ دوای گەرانەوەی شاندەکە، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ناوەرۆکی سەردانەکە و پەیامێکی کورتی ئۆجەلان بۆ رای گشتی بڵاوبکەنەوە.


