رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، پێویستە سەڵاحەدین دەمیرتاش بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووری تورکیا دەستبەجێ ئازاد بکرێت. دەشڵێت: "هەر مشتومڕێک لەمبارەیەوە، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی رۆژەڤی ساختە."
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، نیگەرانە لەوەی "سیاسەتمەدارێکی گرنگی وەک بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ ماوەی چەندین ساڵە بە هۆکاری سیاسی لە زیندان هێڵدراوەتەوە."
سەرۆکی جەهەپە رەخنە لەو مشتومڕانە دەگرێت کە لەسەر قسەکانی ئەو سەبارەت بە دەمیرتاش دروستبوون و دەڵێت: "دروستکردنی ململانێ لەسەر پشتی بەڕێز دەمیرتاش بەهۆی رستەیەکەوە کە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بەکارم هێناوە، بە دروست نازانم. پێویستە کەس ئازادیی مرۆڤەکان نەکاتە کەرەستەی سیاسەت."
کڵچدارئۆغڵو پێیوایە، هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زیندان سەرەڕای بڕیارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان کارێکی نایاساییە و گوتی: "ئەگەر تاقیکردنەوەیەک بۆ دڵسۆزی هەبێت، پێویستە هەمووان پێکەوە دژی هێشتنەوەی ئەو لە زیندان بوەستینەوە، نەک بابەتەکە بۆ پرسی لاوەکی بەلاڕێدا ببەین."
ئەو لێدوانەی کڵچدارئۆغڵو دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندبوو، پەشیمان نییە لەو بڕیارەی ساڵی 2016 بۆ لادانی پارێزبەندی پەرلەمانتاران دای، کە دواتر بووە هۆی دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە و سەڵاحەدین دەمیرتاش.
ئەو لێدوانەی کڵچدارئۆغڵو کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. دواتر نەجدەت سەراج، کەسایەتی سیاسیی نزیک لە کڵچدارئۆغڵو باسی لەوە کرد کە ئەو دەیەوێت لە زیندانی ئەدیرنە سەردانی دەمیرتاش بکات، بەڵام سڕی ساکک، پەرلەمانتاری پارتی دەم رایگەیاند کە دەمیرتاش داواکەی کڵچدارئۆغڵوی بۆ دیدار رەتکردووەتەوە.
دەمیرتاش کە دوێنێ شەو پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاراستەی سێ کەسی باڵای تورکیا کرد، ئەوانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلی و ئوزگور ئوزەل کرد، کە ئەمەی دواییان بە بڕیاری دادگە لە پۆستی سەرۆکی جەهەپە دوورخراوەتەوەو کەمال کڵچدارئۆغلو لە شوێنەکەی دانراوەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

