رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لێکۆڵینەوە و گەڕانی کانزایی تورکیا (MTA) نەخشەی هێڵە چالاکەکانی بوومەلەرزەی لە وڵاتەکەدا دوای 13 ساڵ نوێ کردەوە و رایدەگەیێنێت کە ژمارەی ئەو هێڵانەی ئەگەری چالاکبوونیان هەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ڤەدات یانەک، بەڕێوەبەری گشتی لەو دامەزراوەیە، رایگەیاند: "لە نەخشەی پێشوودا کە لە ساڵی 2013دا بڵاو کرابووەوە، ژمارەی هێڵە چالاکەکانی بوومەلەرزە 485 دانە بوو، بەڵام بەپێی ئەو داتا و زانیارییە نوێیانەی لەم ماوەیەدا کۆکراونەتەوە، ئەم ژمارەیە بۆ 700 هێڵ بەرز بووەتەوە." ئەمەش پاش دۆزینەوەی 215 هێڵی نوێی بوومەلەرزەیە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەدا.
بەڕێوەبەری گشتیی لێکۆڵینەوە و گەڕانی کانزایی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە دیاریکردنی هێڵە چالاکەکانی بوومەلەرزە تەنیا کارێکی زانستی نییە، بەڵکو بابەتێکی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی، گەشەپێدانی بەردەوام و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کارەساتە سروشتییەکان، و چیدیکە ناکرێت بەبێ رەچاوکردنی ئەم داتایانە پڕۆژەکان جێبەجێ بکرێن.
3 هێڵی سەرەکیی بوومەلەرزە لە تورکیا
-هێڵی قڵیشاوی باکووری ئەنادۆڵ (KAF): یەکێکە لە درێژترین و مەترسیدارترین هێڵەکانی بوومەلەرزە لە جیهاندا، کە لە باکووری تورکیاوە لە دەریای مەڕمەڕەوە تاوەکو رۆژهەڵاتی وڵاتەکە درێژ دەبێتەوە.
-هێڵی قڵیشاوی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (DAF): هێڵێکی چالاکە کە لە سنووری پارێزگاکانی باکووری کوردستانەوە دەست پێ دەکات و بەرەو باشوور و دەریای ناوەڕاست شۆڕ دەبێتەوە؛ سەرچاوەی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەڕەش بوو.
-هێڵی قڵیشاوی رۆژئاوای ئەنادۆڵ (BAF): سیستمێکی بەربڵاوی هێڵە لێکجیابووەکانی ناوچەی ئیجەیە کە بە چالاکیی بەردەوام دەناسرێتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای سەدەی 20ـەمەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 210 بوومەلەرزەی گەورە بە گوڕی 6 پلە و سەرووتر تۆمار کراون و کۆی گشتیی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە زیاتر لە 86,000 کەس.
گەورەترین و تووندترین بوومەلەرزە لە مێژووی وڵاتەکەدا، دوو بوومەلەرزە یەک لە دوای یەکەکەی 6ی شوباتی 2023 بوون لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان کە گوڕەکەیان 7.7 و 7.6 پلە بوو. لە رووی زیانی گیانییەوە، بوومەلەرزەکەی ساڵی 1939ی پارێزگای ئەرزینجان بە گوڕی 7.9 پلە لە پێشەنگ دێت کە تێیدا نزیکەی 33,000 هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 100,000 برینداری لێکەوتەوە.
بڕیاری نوێکردنەوەی نەخشەکە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی باکووری کوردستان لە شوباتی 2023 درا، کاتێک تورکیا چووە ناو قۆناخــێکی نوێی ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان تاوەکو بگاتە لووتکەی سەلامەتی.



