رووداو دیجیتاڵ وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، تاوەکو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەتەواوەتی چەک دانەنێت، یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کە بە "یاسای چوارچێوە" ناسراوە، ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پەیامنێرانی بواری دادوەری لە وەزارەتی داد، رایگەیاند، جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 7595، کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری و بە "یاسای چوارچێوە" ناودەبرێت، بەستراوەتەوە بە چەکدانانی تەواوەتیی پەکەکەوە. گورلەک گوتی: "پرۆسەی چەکدانانی رێکخراوەکە، رادەستکردنی چەکەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بەشەکانیان، لەلایەن وەزارەتی بەرگریی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگریی تورکیاوە (میت) بەدواداچوونی بۆ دەکرێت." وەزیری داد رایگەیاند، وەزارەتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ ئیدارەدانی ئەو رێکارە یاسایی و کارگێڕییانەی کە دوای چوونی یاساکە بۆ بواری جێبەجێکردن دەبنە پێویستی. داواکردنی چەکدانانی تەواوەتی وەک مەرجی سەرەکی بۆ کاراکردنی یاساکە، ئاماژەیە بۆ جەختکردنەوەی حکوومەتی تورکیا لەسەر رەهەندە ئەمنییەکانی پرۆسەکە. یاسای ژمارە 7595، کە بە "یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی" ناسراوە و تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، لە 10ـی ئابی 2026 بە 467 دەنگی "بەڵێ" لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا. ئەم یاسایە لە 12 ماددە پێکهاتووە و بۆ رێکخستنی پرۆسەی چەکدانان و یەکلاکردنەوەی دۆخی یاسایی گەریلاکانی پەکەکە دەرکراوە. بەپێی یاساکە، ئەنجوومەنێک بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا پێکهاتووە، کە لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لە 24ـی ئابدا، چوار لیژنەی بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی پرۆسەکە و جێبەجێکردنی یاساکە دامەزراندووە.