رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە تورکیا و باکووری کوردستان، مانگی رابردوو 22 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و 33 ژنی دیکەش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە. زۆربەی ژنەکانیش لە ماڵەکانی خۆیاندا و بە دەستی هاوژینەکانیان کوژراون.
پلاتفۆرمی بەرەنگاربوونەوەی کوشتنی ژنان راپۆرتی مانگی ئابی خۆی بڵاوکردەوە، تێیدا ئامار و زانیارییەکانی تووندوتیژی دژی ژنانی لە تورکیا و باکووری کوردستان خستەڕوو.
بەپێی راپۆرتەکە، لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا خەباتیان بۆ راگرتنی کوشتنی ژنان بەردەوامە، بەڵام وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک داتاکان کۆناکەنەوە و بڵاوی ناکەنەوە.
هۆکاری کوشتن
بەپێی راپۆرتەکە، هۆکاری کوشتنی 16 ژن لە کۆی 22 ژنەکە نەزانراوە. تەنیا یەک ژن بە بیانووی ئابووری و 5 ژنی دیکە بەهۆی ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی خۆیانەوە هەبووە، کوژراون.
راپۆرتەکە دەڵێت، نەزانینی هۆکاری کوشتنی زۆرینەی ژنەکان، نیشانەی شاردنەوەی توندوتیژیی دژی ژنانە.
بکوژەکان کێن؟
زۆرترین ژن بە دەستی هاوژینەکانیان کوژراون. لە کۆی 22 ژن، 9 ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون، کە دەکاتە 41%ی کۆی گشتی.
لە کوێ کوژراون؟
زۆرینەی ژنەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا کوژراون. 12 ژن لە ماڵەوە کوژراون، ئەمەش دەریدەخات کە تەنانەت ماڵیش بۆ ژنان سەلامەتترین شوێن نییە.
چۆن کوژراون؟
زۆرترین ژن بە چەک کوژراون کە ژمارەیان 14 ژنە، 3 ژنیش بە ئامێری تیژ و ئەوانی دیکەش بە شێوازی جۆراوجۆر وەک خنکاندن و سووتاندن و فرێدان لە بەرزاییەوە، کوژراون.
راستییەکان گوماناوین، نەک مردنی ژنان
راپۆرتەکە ئاماژە بە زیادبوونی "مردنی گوماناوی"ی ژنان دەکات وەک کێشەیەکی گەورە. دۆسیەکانی وەک رۆژین کابایش، گولستان دۆکو وەک نموونە هێنراونەتەوە کە تێیاندا لێکۆڵینەوەی کاریگەر نەکراوە و زۆرجار بە پەلە وەک "خۆکوشتن" یان "رووداو" مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە یەنیا لە مانگی ئابدا 33 حاڵەتی گیانلەدەستدانی گوماناوی ژن تۆمار کراوە کە 7 لەو رووداوانە لە شارەکانی باکووری کوردستانن.
بەپیی ئامارە فەرمییەکانی لە ساڵی 2024دا 394 ژن کوژراون 259 گیانلەدەستدانی گوماناویش تۆمار کراوە. ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2025 دابەزی بۆ 294 حاڵەتی کوشتن و 297 گیانلەدەستدانی گوماناوی.
لە 8 مانگی سەرەتای ئەم ساڵیشدا، 182 ژن کوژراون و 104 گیانلەدەستدانی گوماناوی لە تورکیا و باکووری کوردستان تۆمار کراون.



