رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنقەرە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژیی رێکخستنەکانی پارێزگاکان بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی بەڕێوەدەچێت. پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک سەرۆکی شارەوانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بچنە ریزەکانی ئاکپارتی و، ئەردۆغان خۆی نیشانەی پارتەکەیانی پێبدات.
کاژێر 14:00ی ئەمڕۆ دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، لە ئەنقەرە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژی رێکخستنەکانی پارێزگاکانی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەبە تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئەو وڵاتە، بڕیارە دوای گوتاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، ژمارەیەک سەرۆک شارەوانیی شارۆچکەکانی ئەنقەرەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەنێویاندا جەهەپە و ئیی پارتی، بە فەرمیی پەیوەندیی بە ئاکپارتییەوە بکەن و ئەردۆغان، خۆی نیشانەی پارتەکەیان پێبدات و ئەندامبوونیان لە ئاکپارتی پەسند بکات.
چاوەڕوان دەکرێت هەریەک لە یاکوب ئۆداباشی، سەرۆکی شارەوانیی گۆڵباشی؛ لەڤەنت کۆچ، سەرۆکی شارەوانیی هایمانا و ئەرتونچ گونگۆر، سەرۆکی شارەوانیی نالیهان، کە لەسەر لیستی جەهەپە هەڵبژێردرابوون، بچنە نێو ئاکپارتی.
هەر بەپێی زانیارییەکان بڕیارە هەر ئەمڕۆ مەسعود ئۆزئارسلان، سەرۆک شارەوانیی کەچیئۆرەن کە بە دەنگی دەنگدەرانی جەهەپە بە سەرۆک شارەوانیی هەڵبژێردرا و مانگی رابردوو کۆتایی بە ئەندامێتیی جەهەپە هێنا، ئەویش پەیوەندی بە ئاکپارتییەوە بکات.
ئەم جووڵەیە لە ئیدارە خۆجێیەکاندا تەنیا بە ئەنقەرەوە سنووردار نییە. دەنگۆی ئەوەش هەیە رۆژی چوارشەممە راسیم ئاری، سەرۆکی شارەوانیی نێڤشەهیر، لە ئیی پارتی جیاببێتەوە و بچێتە نێو ئاکپارتی.
تاوەکو ئێستا 41 سەرۆک شارەوانیی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 31ـی ئاداری 2024، پەیوەندییان بە ریزەکانی ئاکپارتییەوە کردووە.



